قالیباف لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی 5 فەرماندەی ئێران: بۆ پاراستنی خاکمان سڵ ناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "وەڵامی تووندی دەستدرێژیکاران دەدەینەوە،بڕینی دەستی دەستدرێژیکاران، کەمترین هەنگاوە بۆ پاراستنی خاکی ئێران."
دوای زیاتر لە 10 لە کوژرانیان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لەو فەرماندە سەربازییانەی لە رۆژی یەکەمی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا کوژران، بەخاکسپێردران.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "ئێران بەهۆی کۆچی دوایی 'ئیمامی شەهیدی شۆڕش' و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان لە شیندایە."
قالیباف ناوی ئەو فەرماندە باڵایانەی هێنا کە لە هێرشەکاندا کوژراون، ئەوانیش بریتین لە:
سەید عەبدولڕەحیم مووسەوی
محەممەد پاکپوور
عەلی شەمخانی
عەزیز نەسیرزادە
محەممەد شیرازی
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "ئەم موجاهیدانە تەمەنی خۆیان لە خەبات دژی دەستدرێژیکاران و رژێمی ساختەی زایۆنی و ئەمریکای تاوانبار بەسەربرد؛ مردن لەناو جێگەدا بۆ پلەی ئەوان نەدەشیا."
قالیباف ئاماژەی بە "بەیعەتی مێژوویی" خەڵکی ئێران لەگەڵ رێبەری نوێی وڵاتەکە کرد و گوتی، "گەلی ئێران بە ئامادەبوونیان لە شەقامەکان، بەیعەتێکی مێژووییان لەگەڵ رێبەری مەزنی شۆڕش، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی نوێ کردەوە و هێرشەکانی دوژمن هیچ درزێکی نەخستووەتە نێو ورەیان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف وەک نوێنەری پەرلەمان جەختی کردەوە، "بڕینی دەستی دەستدرێژیکاران کە لە خەیاڵی خاو و پووچی قووتدانی ئێراندان، کەمترین کارە کە بیکەین و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش زەڕەیەک دوودڵ نابین و کەمتەرخەمی ناکەین."