ئێران دزەپێکردنی نەوت لە دوورگەی خارک رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رەتیدەکاتەوە لە دامەزراوەکانی دوورگەی خارک دزە بە نەوت کرابێت و رایدەگەیێنێت، هۆکاری ئەو پەڵە نەوتییەی بینراوە، بەتاڵکردنی ئاوی تانکەرێک بووە.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە هەبوونی ئاستێکی بەرزی پیسبوونی ژینگەیی بەهۆی نەوتەوە لە دەوروبەری دوورگەی خارک دەکەن.
رێکخراوەکە دەڵێت: "دوای بەدواداچوونی مەیدانی و تەکنیکی، دەرکەوتووە سەرچاوەی پیسبوونەکە بەتاڵکردنی ئاوی تێکەڵ بە نەوت(Ballast Water) لەنێو تانکەرێکی نەوت بووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هیچ جۆرە دزەکردنێکی نەوت لە هێڵەکانی بۆری، دامەزراوەکانی کۆگە نەوتییەکان یان سەکۆکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی لەو ناوچەیە رووینەداوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو پیسبوونەی روویداوە تەنیا بەهۆی لێچوونی ئاوی پیسبووی کەشتییەکە بووە.
رێکخراوی ژینگەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، رێکاری پێویستیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە رەچاو کردووە و هەر بەو مەبەستەش بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی ناوچەکە و بە بەکارهێنانی وێنەی مانگە دەستکردەکان، بە چڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پسپۆڕانی ژینگە لە ناوچەکە جێگیرکراون بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پیسبوونەکە بگرن و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن.
ئەم روونکردنەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین راپۆرتی جیاواز لە میدیا جیهانییەکان بڵاوکرابوونەوە، کە تێیدا باس لە دزەکردنی نەوت لە دوورگەی خارک کرابوو.
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایار، مانگی دەستکردی کۆپەرنیکس دوو وێنەی دوورگەی خارگی ئێرانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، لە بەشی رۆژئاوای دوورگەکە نەوت رژاوەتە نێو ئاوەوە.