ئێران: پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر ئاسایشی سنوورەکان
رووداو دیجیتاڵ
ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "پەیوەندیی بەردەوام"ی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان و جەختی کردەوە، لەکاتی ململانێی ئەم دواییەی تاران و گرژییەکانی ناوچەکە، هاوئاهەنگییەکان چڕتر بوونەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی، هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام بوون و هاوکارییەکەی بە "ئەرێنی و سوودبەخش" ناوبرد.
بەقایی گوتی، "سرووشتییە کە سەبارەت بە بابەتە سنوورییەکان، لەگەڵ دراوسێ عێراقییەکانمان و لەگەڵ دۆستانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بین."
ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکان لە کاتی "جەنگی سەپێندراوی 20 بۆ 30 رۆژی" رابردوودا بەردەوام بوون، بە جۆرێک هەموو لایەنەکان درک بەوە دەکەن کە ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەبێت.
بە گوتەی بەقایی، "هەر ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکانی دەوروبەر، لێکەوتەی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێت."
گوتەبێژەکە باسی لەوە کرد، لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان تاران، بەغدا و هەولێر "زەوینەیەکی باش"ی دروستکردووە بۆ هاوکاریی فرەوانتر بە ئامانجی رێگریکردن لەو کارانەی کە رەنگە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی ئێران و عێراق.
لێدوانەکانی بەقایی لە کاتێکدان کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە ململانێی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، لەگەڵ نوێبوونەوەی نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. تاران چەندین جار داوای کردووە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت کە لە ساڵی 2023 واژۆ کراوە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە چالاکیی چەکداری لەسەر سنوورەکان.