وەڵامەکەی ئێران بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا چی تێدایە؟


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئەمریکادا، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی کردووە. میدیای فەرمیی وڵاتەکەش بەشێکی ناوەڕۆکی وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتنیان بڵاوکردەوە.
 
ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وەڵامی خۆی بۆ پێشنیارەکەی ئەمریکا لە رێگەی پاکستانی نێوەندگیرەوە پێشکەش کردووە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئەمریکادا، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لە دەرەوە کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەکەیدا لە تاران گوتی: "ئێمە هیچ ئیمتیازێکمان لە لایەنی ئەمریکی داوا نەکردووە، تەنیا شتێک کە داوامان کردووە مافە رەواکانی ئێرانە."
 
بەقایی رایگەیاند، داواکارییەکانی ئێران بریتین لە "راگرتنی جەنگ"، "هەڵگرتنی گەمارۆ و چەتەگەریی دەریایی" و "ئازادکردنی داراییەکانی ئێران" کە بە گوتەی بەقایی، "بەناحەق و بە گوشاری ئەمریکا" لە بانکەکاندا سڕ کراون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هاتووچۆی سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە و لوبنان لە داواکارییەکانی دیکەی ئێران بوون، کە بە پێشنیازێکی گونجاو و رەوا بۆ ئاسایشی ناوچەکە دادەنرێت."
 
ئاژانسی سەدا و سیمای ئێران بەشێک لە وردەکارییەکانی وەڵامی ئێرانی بۆ پڕۆژەکەی ئەمریکای بڵاوکردەوە، کە ترەمپ لە کاردانەوەیەکدا بە "قبووڵنەکراو" وەسفی کرد.
 
لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەی ئێراندا ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:
 
-پڕۆژەکەی ئێران لە وەڵامی پڕۆژەکەی ئەمریکادا پێشکەش کراوە و جەخت لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی ئێران دەکاتەوە.
-ئێران پڕۆژەکەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە کە بە واتای خۆبەدەستەوەدانی ئێران بوو لە بەرامبەر زێدەخوازییەکانی ترەمپدا.
-پڕۆژەکەی ئێران جەخت لەسەر پێویستی پێدانی قەرەبووی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە و سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا دەکاتەوە.
-ئێران جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە سزاکان و ئازادکردنی سەرمایە و داراییە بلۆکەکراوەکانی کردووەتەوە.
 
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" کە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکە، بڵاویکردەوە کە وەڵامەکەی ئێران "داواکاری کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان" و "ئازادکردنی هەناردەکردنی نەوت" لەخۆدەگرێت.
 
لە راپۆرتەکەی تەسنیمدا ئاماژە بە 11 خاڵ کراوە کە وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا لەخۆدەگرێت، ئەوانیش بریتین لە:
 
-وەڵامەکەی ئێران داواکاری کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان و ئازادکردنی هەناردەکردنی نەوت لەخۆدەگرێت.
-وەڵامەکەی ئێران کە لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکیستانییەوە نێردراوە، بڕگەیەکی تێدایە سەبارەت بە ئاگربەست لە لوبنان.
-گونجاندنی دۆسیەی ئاگربەست لە لوبنان لە وەڵامەکەی ئێراندا، وەک یەکێک لە هێڵە سوورەکانی تاران لە دانوستانەکاندا ئەژمار دەکرێت.
-تاران هەندێک لە لێکتێگەیشتنە پێشنیازکراوەکان دەبەستێتەوە بەو گرەنتییانەی کە پەیوەستن بە کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان.
-هەر رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن دەبێت کۆتاییهێنانی دەستبەجێی جەنگ، راستەوخۆ دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە لەخۆبگرێت.
-ئێران جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا و ئازادکردنی سەرمایە و داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران دەکاتەوە.
- تاران داوای هەڵوەشاندنەوەی سنووردارکردنەکانی ئۆفاک دەکات کە پەیوەستن بە فڕۆشتنی نەوتی ئێرانەوە.
-وەڵامەکەی ئێران جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لە لایەن تارانەوە دەکاتەوە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە پێشنیازکراوەکاندا.
-رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە دانوستاندنی 30 رۆژە لە دوای وەستانی جەنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکان لەخۆدەگرێت.
-ئێران پێشنیازی هەنگاوی بەرامبەری کردووە بۆ تاقیکردنەوەی جیددیبوونی واشنتن لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانیدا.
-دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن ئێستا بە شێوەی نووسراو و لە رێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە بەردەوام دەبن.
 
"کاردانەوەی ترەمپ لە بەرامبەر وەڵامی ئێران گرنگ نییە"
 
میدیای فەرمیی ئێران دوای رەتکردنەوەی وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، "کاردانەوەی ترەمپ بە وەڵامی ئێران گرنگ نییە و لە ئێران هیچ کەسێک بۆ دڵخۆشیی ترەمپ پلان نانووسێت." 
 
ئاژانسی هەواڵیی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، شەوی یەکشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، کاردانەوەی ترەمپ بەرامبەر بە وەڵامەکەی ئێران هیچ گرنگییەکی نییە.
 
ئەو ئاژانسە نووسیویەتی: "سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند 'کاردانەوەی بەناو سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرامبەر بە وەڵامەکەی ئێران هیچ بایەخێکی نییە و لە ئێراندا کەس بۆ دڵخۆشکردنی ترەمپ پلان نانووسێت." 
 
بە گوتەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، "تیمی دانوستاندنکار دەبێت تەنیا بۆ مافی گەلی ئێران پلان بنووسێت و رازی نەبوونی ترەمپ لێی، بە شێوەیەکی سرووشتی باشترە. ترەمپ بەهۆی حەزنەکردنی بە راستی، بەردەوام لە بەردەم ئێران تووشی شکست دەبێت." 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاردانەوە بە وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پلانی پێشنیازکراوی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان بە تەواوی قبووڵنەکراوە. 
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئێستا وەڵامی 'بەناو نوێنەرانی ئێران'م پێگەیشت. بە دڵم نییە. بە تەواوی قبووڵنەکراوە."
 
"بۆچی ئەگەری جەنگ زیاترە لە رێککەوتن؟"
 
ئاژانسی هەواڵی "فارس نیوز"، کە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکە، دوای کاردانەوە تووندی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ وەڵامەکەی تاران بەرامبەر بە پێشنیارەکەی واشنتن، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئەمریکا زیاترە لە رێککەوتن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە سەرنجدان بە دانپێدانانەکانی نەتەنیاهوو و ترەمپ سەبارەت بە بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی جەنگ و مانەوەی توانای مووشەکی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، وادیارە سەرەڕای هەموو شکستەکان و تێچووە سەربازییەکان، دووژمنان بیر لە تەنیا بژاردەی خۆیان دەکەنەوە، کە ئەویش فراوانکردنی پێکدادانەکانە.
 
ئەم ئاژانسە ئێرانییە دەشڵێت، دوای ئەوەی ئێران لە رێگەی نێوەندگیرییەکانەوە وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا پێشکەش کرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس-ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، کە "جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، رۆژی بیستەمی جەنگ بوو کە نەتەنیاهوو بە راشکاوی پەردەی لەسەر ئامانجەکانی جەنگ لادا و گوتی داواکارییەکانی ئیسرائیل لە شەڕی ئێراندا، جگە لە ئاواتی رووخاندنی رژێم، بریتین لە یەکەم؛ لەناوبردنی توانای مووشەکی و دووەم؛ لەناوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێران.
 
لە راپۆرتەکەی فارس نیوزدا هاتووە، نەتەنیاهوو لە چاوپێکەوتنەکەی رۆژی یەکشەممەدا پشتڕاستی کردەوە کە نەگەیشتووەتە هیچ کام لەم ئامانجانە و گوتی: "هێشتا ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران ماون؛ هێشتا مووشەکە بالیستیەکانی ماون و کارێکی زۆریش ماوە کە دەبێت بکرێت."
 
فارسنیوز نووسیویەتی: "کێشەکە لە بە بنبەست گەیشتنی ستراتیژی دووژمندایە، کە سەرەڕای هەموو تێچوو و شکستەکان لە دوو مانگی رابردوودا، رەنگە دەستپێکردنەوەی جەنگ تەنیا هیوای واشنتن و تەلئەڤیڤ بێت. جەنگێک کە بەهۆی فراوانکردنی بانکی ئامانجەکان لەلایەن ئێرانەوە، قەیرانی زیاتر بۆ دووژمنان لەسەر ئاستی جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."