قالیباف بۆ ئەمریکا: بۆ هەموو بژارەیەک ئامادەین و سەرتان سووڕدەمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەموو بژارەیەک ئامادەن و وەڵامێکی وایان دەبێت کە "سەریان سووڕبمێنێت."
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، "هێزە چەکدارەکانمان ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکن بۆ ئەوەی وانەیەکی باشیان پێ بدەن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دا لەوەی، بڕیاری هەڵە ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، "ستراتیژیی هەڵە و بڕیاری هەڵە، هەمیشە ئەنجامی هەڵەی دەبێت، هەموو جیهانیش لەوە تێگەیشتووە." جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی "بۆ هەموو بژاردەکان ئامادەین؛ سەریان سووڕدەمێنێت."
ئەم لێدوانە تووندانەی قالیباف دوای ئەوە دێن، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بیر لە دەستپێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" دەکاتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا، زۆر لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان گەورەتر دەبێت و بە گەشبینییەوە گوتی، "رژێمەکە (ئێران) خۆی بەدەستەوە دەدات."
پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە بنبەست، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە ترەمپ وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا بە "تەواوی قبووڵنەکراو" ناوبرد.
تاران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ ئەمریکا ناردبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئێران لە وەڵامەکەیدا داوای گەرەنتیی "زۆر تووند"ی کردووە و چەندین مەرجی بۆ پاشەکشە لە دۆسیە ئەتۆمییەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز داناوە، کە ئەمانەش لەگەڵ "هێڵە سوورەکانی" ئیدارەی ترەمپدا یەکناگرنەوە.