دەسەڵاتی دادی ئێران دەستی بەسەر سامانی یاریزانێکدا گرت


رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادی ئێران دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی یاریزانێکی تۆپی پێ وڵاتەکەی راگەیاند و تۆمەتباری دەکات بەوەی "هاوکاریی دووژمنانی کۆماری ئیسلامییان کردووە".
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، ئاژانسی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی "یاسای سزای سیخوڕی" و هاوکاریی ئیسرائیل، دەست بەسەر هەموو دارایی و سامانی عەلی کەریمی، یاریزانی تۆپی پێ ئەو وڵاتەدا گیراوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، عەلی کەریمی، تۆمەتبار کراوە بەوەی "هاوکاریی دەوڵەتانی دووژمنیان کردووە".
 
لەبارەی جۆری دەستبەسەرداگرتنەکەوە، ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوە کردووە لە پارێزگای ئەلبورز دەستیان بەسەر  چوار یەکەی نیشتەجێبوون و دوو یەکەی بازرگانیدا گرتووە، کە موڵکی عەلی کەریمی بوون و هەوڵیداوە بیانشارێتەوە.
 
عەلی کەریمی لە ساڵی 2022 و دوای پشێوییەکانی ناوخۆی ئێران وڵاتەکەی جێهێشتووە. بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی کەنداو نیشتەجێیە.
 
پێشتریش چەندین جار ماڵ و موڵکی رۆژنامەنووسان، چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی و هونەرمەندان بە تۆمەتی هاوشێوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
رۆژی شەممە، ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند: بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان، تائێستا 722 لێکۆڵینەوە لە رێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان کراوە و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای سزای سیخوڕی و هاوکاریی ئیسرائیل دەست بەسەر هەموو دارایی و سامانی 262 کەس دا گیراوە.
 
پێشتر و لە رۆژی 28ی نیسانی 2026، غۆلامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاندبوو، "دەبێت بەبێ کەمتەرخەمی دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەدا بگیرێت کە هاوکاریی دوژمن دەکەن"، ئەوەشی وەک "داواکارییەکی بەهەقی خەڵک" ناوبردبوو.
 
پەرلەمانی ئێرانیش لە تەممووزی 2025دا، پرۆژەیاسای (زیادکردنی سزای سیخوڕی)ی هەموارکردەوە. بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە کە لە کاتی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەسندکرا، سزای هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دووژمن، جگە لە لەسێدارەدان، دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و موڵکێکیش دەگرێتەوە.