ئێران پیاوێکی بە تۆمەتی کوشتنی 7 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا لەسێدارەدا
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند کەسێکیان لەسێدارە داوە کە تۆمەتی کوشتنی 7 کەسی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 بەسەردا ساخکراوەتەوە، لەنێویاندا منداڵێکی 10 ساڵان هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ی حوزەیرانی 2025، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسەی کە سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە، ناوی عەباس کورکورییە، لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە شاری ئیززەی پارێزگای حوزستان تەقەی لە 7 کەس کردووە و کوشتوونی.
خۆپێشاندانەکانی ئەوکات، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان هات، کە ژنان رۆڵی گەورەیان تێدا دەگێڕا؛ لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناڕەزاییان دەربڕی.
ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئەهوازەوە دەرچووە، لەلایەن دادگەی باڵاوە پەسند کراوە و سزاکەش جێبەجێ کراوە.
دادگە، تۆمەتەکانی بڵاوکردنەوەی "بەدڕەوشتی لەسەر زەوی" و "شەڕکردن دژی خودا"ی بەسەر کورکوریدا ساخکردووەتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کورکوری بە "هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی کوشتن و تۆقاندنی خەڵک" و "ئەنجامدانی تاوان لە رێگەی تەقەکردن بە چەکی سەربازی و پێکهێنان و ئەندامبوون لە گرووپێکی یاخیبوو" تاوانبار کراوە.
بەگوێرەی ماڵپەری میزان، کورکوری لە دادگە دانی بە تاوانەکەی ناوە و گوتوویەتی، "لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارەی کردووە."
لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا، سەدان کەس کوژران کە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیشیان تێدابوو. هەروەها هەزاران کەسی دیکەش دەستگیرکران. لەو کاتەوە ئێران چەندین کەسی دیکەی لەسێدارە داوە کە پەیوەندییان بە خۆپێشدانانەکانەوە هەبووە.
لەسێدارەدانی کورکوری رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە ئێران نۆ پیاوی دیکەی لەسێدارەدا و تۆمەتەکانیشیان ئەوە بوو کە ویستوویانە لە ساڵی 2018 لەژێر ناوی رێکخراوی داعش هێرش ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران دوای چین، دووەم وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات.