ئێران: تەرمی 20 کەس لە قوربانییانی هێرشەکەی ئیسرائیل نەناسراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران رایگەیاند، هێشتا تەرمی 20 کەس کە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە کوژران، نەناسراونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، سەعید ئوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا تەرمێک لە رێگەی پشکنینی بۆماوەیی، ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، بەڵام هێشتا 20 تەرمی دیکەیان لەبەردەستە کە نەناسراونەتەوە.
 
سەعید حوحەدی گوتی:" 20 تەرم کە بەهۆی ئەو دۆخەی لە کاتی بۆردوومان هەبووە، ژمارەیەکیان تەنیا چەند پارچەیەک لە جەستەیان ماوە، هێشتا لە بەشی شەهیدانی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا ماون. لە دوو رۆژی رابردوودا ناسنامەی یەکێک لەو ئازیزانە لە رێگەی پشکنینی بۆماوەییەوە دیاری کرا."
 
بە گوتەی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران، خانەوادەی سەرجەم قوربانییەکان لە لایەن دامەزراوەی شەهیدان تۆمار دەکرێن و لە لایەن حکومەتەوە هاوکاریی دەکرێن.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران کە پیشتر بڵاوکراونەتەوە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا هەزار و 61 کەس کوژران؛ هەروەها پێنج هەزار و 750 کەسیش بریندار بوون.
 
لە 13ی حوزەیراندا جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. 
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.