ئێران: ئامادەین سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەسند بکەین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بە مەرج ئامادەیە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکات. دەشڵێت، ئەگەر سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هەڵبگیرێن، وڵاتەکەی ئامادەیە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەسند بکات.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە و ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنی رایگەیاند، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، سنووردارکردنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی پەسند بکات.
مەجید تەخت رەوانچی دەڵێت: "تاران دەتوانێت لە چوارچێوەی رێکەوتنێک کە دادپەروەرانە و بە قازانجی هەردوولا بێت، رازی بێت بە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی بەشێوەیەکی کاتی."
دەشڵێت: "ئێران دەتوانێت سەبارەت بە تواناکان و کۆت و بەندەکانی سەر پیتاندنی یۆرانیۆم نەرمی بنوێنێت، بەڵام ناتوانێت لە هیچ بارودۆخێکدا رازی بێت کە پیتاندن رابگرێت، چونکە ئەمە شتێکی پێویستە بۆمان و دەبێ پشت بە خۆمان ببەستین نەک بە بەڵێنە پووچەکان.
بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێویستە واشنتن روونی بکاتەوە دانوستاندنی لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەن دەوێت یان دەیەوێت ویستی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
مەجید تەخت رەوانچی گوتی: "ئەگەر ئەمریکا پێداگری لە سەر هاوکێشەی سفر پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، هیچ رێککەوتنێکمان نابێت."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مەرجی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن کرد و گوتی: "بۆ درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەبێت واشنتن گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەگەر دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە جارێکی دیکە هێرش ناکاتە سەر ئێران."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن، ئێران بەهۆی هێرشەکانی مانگی حوزەیران و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، داوای قەرەبوو لە ئەمریکا دەکەن.
لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆژی 22ی حوزەیرانی 2025 سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە لایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران.
بەر لە جەنگەکە، لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووبوون و لە سەروبەندی بەڕیوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوانیان، رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران.
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و توانای ئەو وڵاتەی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی لەنێوبردووە و پێویستە تاران بە بێ مەرج بگەڕێتەوە دانوستاندنەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لانیکەم لە دوو هەفتەی دواییدا چەندین جار هۆشداری داوەتە ئێران کە ئەگەر بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دووبارە هیڕشی دەکاتە سەر.