حکومەتی ئێران 150 ترلیۆن تمەن قەرزداری کۆمپانیاکانی دەرمانە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئابووریی تەندروستیی ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، قەرزی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دەرمانخانەکان 150 تریلیۆن تمەن (1.2 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە.
 
محەممەد عەبدەزادە، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی تەندروستیی ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، قەرزی کۆمپانیا دەرمانییەکانی کەرتی تایبەت و دەرمانخانەکان لەسەر حکومەت 150 ترلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە. 
 
سەرۆکی لیژنەی ئابووریی تەندروستیی ژووری بازرگانیی تاران ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانگەکانی بیمە پارەی کۆمپانیاکانی دەرمانسازی نادەن و نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییە حکومییەکانیش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە، توانای پێدانی پارەیان لە کاتی خۆیدا نییە.
 
بە گوتەی محەممەد عەبدەزادە، کێشەکان تەنیا لە قەرزدا نین، بەڵکو نزیکەی شەش مانگە بەشێکی پارەی کۆمپانیا دەرمانییەکان لە بانکەکان سڕکراوە.
 
عەبدەزادە دەڵێت بانکی ناوەندیی ئێران بڕێک پارەی بۆ کڕین و دابینکردنی دەرمان داوەتە کۆمپانیایەک بە ناوی "نیکۆ"، بەڵام کۆمپانیاکە نەیتوانیوە پارەکە بۆ دەرەوەی وڵات حەوالە بکات و بگەیێنێتە دەست کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ کڕینی پێداویستییەکان.
 
سەرۆکی لیژنەی ئابووریی تەندروستیی ژووری بازرگانیی تاران هۆشداری دا، ئەگەر کێشەی دابینکردنی پارەی کۆمپانیا دەرمانییەکان بەزوویی چارەسەر نەکرێت، "لە سێ مانگی زستانی ئەم ساڵدا کێشەی کەمیی دەرمان قووڵتر دەبێت."