جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: خەڵکی وڵات لە کردەوەی بەرپرسان تووڕەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەوانەی ئێستا لە شەقامەکانن "تیرۆریستن،" خەڵکی ئێران لە شەوی هەینییەوە ریزی خۆیان "لە تیرۆریستان" جیاکردەوە، "تیرۆریستان" دەیانەوێت بە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی و کوشتنی سەتان هەزار کەس، کەلێنێکی گەورە بخەنە نێو نەتەوەکانی ئێران.
حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران گوتی، خەڵکی ئێران لە کردەوەی بەرپرسان تووڕەن، گرانی تەنگی پێهەڵچنیون، دەبێت وەڵامدەری خواستی خەڵک بین، بەڵام زایۆنییەکان پیلانیان هەیە.
بە گوتەی حاجی بابایی، ئیسرائیلییەکان لە رێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیانویست خۆپێشاندانەکان بەرەو شەڕی نێوخۆیی ببەن. دەشڵێت، پێشتر بەرپرسانی رژێمی زایۆنی گوتبوویان، "چیدی پێویست ناکات بە مووشەک و فڕۆکە هێرش بکەینە سەر ئێران، بەڵکو بەو تۆڕە فراوانەی کە لە نێوخۆی ئەو وڵاتە دروستمان کردووە، دەتوانین دووبەرەکی بنێینەوە و پلانەکانمان بە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی ببەینە پێش."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.
ئێستا لە نزیکەی 180 شار و شارۆچکە، رۆژانە خۆپیشاندان دەکرێت کە لە 31 پارێزگا، 28 یانی گرتووەتەوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پێویستە هەموو ئێرانییەکان بتوانن خواستی خۆیان بە ئاشتییانە و بەبێ هیچ ترسێک دەربڕن. مافەکانی ئازادی بۆ رادەربڕین، گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ئاشتییانە، وەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چەسپێنراوە، دەبێت بە تەواوی رێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن".
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە لە زاری گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، شۆک بوون بەو راپۆرتانەی کە باس لە تووندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران لە ئێران دەکەن. دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن رێگری لە بەکارهێنانی هێز بکەن.
سەرۆککۆماری ئێران شەوی رابردوو لە پەیامێکی توونددا بەشێک لە خۆپێشاندەرانی بە "تیرۆریستی راهێنراو" چوواند و هۆشداری دایە خێزانەکان رێگە نەدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو "ئاژاوەگێڕییە"ی کە دوژمنانی دەرەکی ئاراستەی دەکەن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA) رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی ئێران بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس. حکومەتی ئێرانیش کوژرانی 111 ئەندامی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.