لە دژی ناڕەزایەتییەکان لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتنە سەر شەقام
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گوشارەکان، لە زۆربەی شارەکانی ئێران ناڕەزایەتیی خەڵک بەردەوامە. وەک وەڵامێک بۆ ناڕەزایەتییەکان، لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رژانە سەر شەقامەکان.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت؛ لەوانە خۆش نابن کە خوێنی هێزە ئەمنییەکانیان رشتووە.
غولام رەزا موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵیت، "ئێستا روون بووەتەوە دووژمن هاتووەتە مەیدان، بە تووندی و جیدی رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کار بۆ دووژمن دەکەن، لەو کەسانە خۆش نابین، خوێنی پۆلیسی ئێمەیان رشت، خوێنی بەسیجی ئێمەیان رشت و بێڕێزییان بە پیرۆزییەکانمان کرد، موڵکی گشتییان لە ناوبرد، هیچ لێخۆشبوونێک بۆ ئەوانە نییە و ئەوانە بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن."
خۆپێشاندانی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر داوای بەرپرسانی وڵات بوو، خۆیشیان لەنێو خۆپێشاندەران بوون.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەوبارەیەوە گوتی، "ئێمە پێکەوە گفتوگۆ دەکەین، ئێمە حکومەت و گەلەکەمان یەک پارچەین، ئەگەر کێشەیەک هەیە و ئەگەر کەسانێک هەن نیگەرانی رەوایان هەیە سەبارەت بە پرسە ئابوورییەکان و بەدواداچوونیان بۆ بکەن و ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە، ئێمەی دەسەڵات ئەرکمانە بە وردی گوێ بگرین و بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکەین."
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هرانا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس لە خەڵکی سڤیل لە خۆپیشاندانەکان کوژراون کە ناسنامەکانیان دیارە. زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەسیش دەستبەسەر کراون.
حکومەت هیچ ئامارێکی لەبارەی قوربانییانی سڤیل بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بە گوتەی خۆی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کوژراون.