خۆپێشاندانەکانی ئێران؛ ترەمپ هەڕەشە دەکات و تاران دەڵێت 'ئامادەی شەڕین'
رووداو دیجیتاڵ
لە 16یەمین رۆژی خۆپێشاندانەکاندا لە ئێران، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن پێدەنێنە قۆناخێکی نوێوە؛ دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەدات لەوەی "بژارەی بەهێز" تاوتوێ دەکات و ئێران وەڵام دەداتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-01-2026، خۆپێشاندانەکان لە ئێران پێی نایە 16ـەمین رۆژەوە و زیاتر لە 185 شاری گرتووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سات بە سات ئاگاداری دۆخەکەیە و "خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژارەیەکی زۆر بەهێزین و لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیار دەدەین."
ترەمپ ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان پێوەکردووە و داوای دانوستاندن دەکەن، بەڵام دەڵێت: "بەهۆی پێشهاتەکانەوە لەوانەیە ناچاربین پێش کۆبوونەوەکە هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیی خۆپێشاندەران بنێین."
تاران: ئامادەی شەڕین
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتان لە تاران، خۆپێشاندەرانی بە "تیرۆریست و داعش" چوواند و رایگەیاند: "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت خۆپێشاندان نییە، بەڵکو شەڕی تیرۆریستییە."
عێراقچی گوتیشی: "خوازیاری شەڕ نین، بەڵام ئامادەیی تەواومان هەیە و دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین." وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا بەستەوە بەوەی "دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت."
کەناڵێکی پەیوەندی کراوەیە
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کەناڵی پەیوەندیی نێوان عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ گفتوگۆ "کراوەیە" و ئەگەر پێویست بکات پەیام ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2025دا، پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان کرا، بەڵام بەهۆی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەل ئەڤیڤەوە گفتوگۆکان راگیران.
"سیناریۆی شەڕی نێوخۆ"
حەمید رەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دان بەوەدا دەنێت کە خەڵک بەهۆی گرانییەوە تووڕەن، بەڵام ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت "شەڕی نێوخۆیی" لە وڵاتەکەدا دروستبکات.
حاجی بابایی دەڵێت: "ئیسرائیل گوتوویەتی چیدی پێویست بە مووشەک و فڕۆکە ناکات، بەڵکو لە رێگەی تۆڕە نێوخۆییەکانیانەوە دووبەرەکی دەنێنەوە."
تەقەکردن لە خۆپێشاندەران
سەبارەت بە کوژرانی خۆپێشاندەران، محەممەد رەئیسزادە، سەرۆکی دادپزیشکیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی کوژراوەکان لە نزیکەوە تەقەیان لێکراوە و ئەوەش بەو مانایە دێت کە "لە نێو خەڵکەوە لەلایەن کەسانی راهێنراوەوە تەقەیان لێکراوە، نەوەک هێزە ئەمنییەکان."
ئەوە لەکاتێکدایە غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەڕەشەی "قورسترین سزا" لە دەستگیرکراوان دەکات و دەڵێت: "هیچ لێخۆشبوونێک بۆ تیرۆریستان نییە."
زیان و قوربانییەکان
زیانی ماددی: سەرۆکی شارەوانی مەشهەد دەڵێت تەنیا لەو شارە زیانەکان گەیشتوونەتە 2 تریلیۆن تمەن و 16 پاس سووتاون.
قوربانییان: بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA) زیاتر لە 500 کەس کوژراون. حکومەتیش کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان پشتڕاست دەکاتەوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئەڵمانیا: فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "تووندوتیژی نیشانەی هێز نییە، بەڵکو لاوازییە."
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی دەڵێت بە راپۆرتەکان شۆک بووە.
کەنەدا و سویسرا: داوای کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی دەکەن.
چین: دژایەتیی خۆی بۆ هەر دەستوەردانێکی دەرەکی راگەیاند و داوای پاراستنی سەروەریی ئێرانی کرد.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری دەستیپێکرد، ئێستا لە 31 پارێزگای ئێران 28 پارێزگای گرتووەتەوە و ئینتەرنێتیش بە تەواوی لە وڵاتەکەدا بڕدراوە.