کەنەدا: بەتووندی سەرکۆنەی کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێران دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا پەیامێکی تووند ئاراستەی تاران دەکات و دەڵێت، "سەرکۆنەی کوشتنی خۆپێشاندەران دەکەین" و داوا دەکات بەخێرایی "سەرکوتکردنی تۆقێنەرانە" رابگیرێت.
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "کەنەدا بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامی کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران دەکات."
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، کە "پێویستە رژێمی ئێران سەرکوتکردنی تۆقێنەرانە و ترساندن رابگرێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤی هاووڵاتییانی بگرێت." هەروەها دەڵێت: "کەنەدا پاڵپشتیی خەڵکە ئازاکەی ئێران دەکات."
هەڵوێستەکەی ئۆتاوا لەکاتێکدایە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئیران پێی ناوەتە 16یەمین رۆژەوە. حکومەتی ئەو وڵاتە ماوەی چوار رۆژە هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی لە سەرانسەری وڵات بڕیوە و رایگەیاندووە، تاوەکو دڵنیا نەبنەوە لەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشیان نەماوە، سنووردارییەکان بەردەوام دەبن.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا)، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 544 خۆپێشاندەر کوژراون، زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس دەستبەسەر کراون.
حکومەتی ئێران کوژرانی 111 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.
بەرپرسانی تاران دەڵێن "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکانەوەیە و کەسانێکی "تێکدەر" لە نێو خۆپێشاندانەکانەوە تەقە دەکەن، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتینەکردووەتەوە کە خەڵکی سڤیل لە گرژییەکاندا کوژراون.