راوێژکاری خامنەیی: پرسی مووشەک لە دەسەڵاتی تیمی دانوستاندنکاردا نییە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کاری ژیرانە ئەوەیە لایەنی بەرامبەر جیدی بێت لەو دانوستاندنەی کە دەستی پێکردووە.
عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر دەستدرێژیی سەربازی بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، بە واتای دەستپێکردنی شەڕە و شەڕەکەش لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا نامێنێتەوە."
لەبارەی دانوستاندن لەسەر توانای مووشەکیی ئێران، عەلی شەمخانی گوتی: "پرسی مووشەکی لە دەسەڵاتی تیمی دانوستاندنکاردا نییە."
هەر لەبارەی پرسی مووشەکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی بەشداریکردن لە رێپێوانی لایەنگرانی حکومەت لە تاران لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران رایگەیاند: "بەشێک نین لە دانوستاندنەکان و ناشبن و هیچ کەس ناتوانێ بچووکترین دەستدرێژی بکاتە سەر مووشەکەکانمان."
رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەرپرسانی هەردوو وڵات، دانوستاندنەکانیان بە ئەرێنی ناوبرد و جەخت لە درێژەپێدانی دەکەنەوە.