رێکخراوێک دەڵێت کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران 7000ـی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون و زیاتر 52 هەزار کەسیش دەستگیر کراون. دەشڵێت، "هێشتا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی 11 هەزار کەسی دیکە دەکەن."
رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی 7002 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە 216یان منداڵن؛ هەروەها 214 کوژراویش لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانن.
هرانا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەو ژمارانەی پشتڕاستکراونەتەوە، ئێستا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی 11 هەزار و 730 کەسی دیکە دەکەن، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش، ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "25 هەزار و 22 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە؛ هەروەها 52 هەزار و 941 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون."
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران. رۆژی 21ی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانییانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند، کە بە گوتەی ئەوان، "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
رۆژی 29ی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە. دواتر ئاژانسی فەرمیی ئیرنا ناوی 2986 کەسی لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ناوی 131 لە کوژراوەکان بەهۆی ئەوەی نەناسراونەتەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فراوان بوو و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.