ئێران: شەڕ رووبدات، گەرووی هورمز دادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەگەر لە ناوچەکە شەڕ رووبدات، ئاسایشی وزە دەکەوێتە مەترسییەوە و گەرووی هورمز دادەخرێت."
جەلال دێهقانی فیروزئابادی، سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیجی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، پێنجشەممە 12-2-2026 بە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی رایگەیاند، لە ئەگەری روودانی جەنگ لە ناوچەکەدا، "یەکەم وڵات کە زیانی پێدەگات چینە، هەر بۆیە دانوستاندنەکان بۆ چینییەکانیش گرنگن. پێموایە رووسیاش دژی شەڕە و هەوڵی رێگری لە شەڕ دەدات."
سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا کە رۆژی هەینیی رابردوو لە مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو، وەکو "دەستکەوتێک بۆ ئێران" ناو دەبات و دەڵێت، "پێموایە هەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان ئامادە بوون دانوستاندن بکەن، دەستکەوتێکە بۆ ئێران و ئەوە پێشان دەدات کە ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چارەسەرێکی دیپلۆماسی هەیە."
سەبارەت بە جیاوازی دانوستاندنەکانی ئێستا و پێشوو، جەلال دێهقانی فیروزئابادی دەڵێت: "هەلومەرجی ئێستای دانوستاندنەکان جیاوازە لە دانوستاندنەکانی پێشوو، چونکە ئێمە بە شەڕێکی 12 رۆژیدا تێپەڕبووین کە گفتوگۆکە زۆر قورستر دەکات. ئێستا دەبێ لەگەڵ کەسێکدا گفتوگۆ بکەیت کە هێرشی کردووەتە سەرت، بۆیە لەڕووی دەروونی و سیاسییەوە کەشی دانوستاندنەکان قورسترە و گرنگترین کاریگەرییەکەشی زیادبوونی بێ متمانەییمانە بە ئەمریکا."
جەلال دێهقانی فیروزئابادی ئاماژەی بە گفتۆگاکانی هەینی رابردوو کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەچوونەتە ناو دانوستاندنێکی جەوهەری و وردەەوە و هەردوولا بۆچوون و هێلی سووری خۆیان بۆ یەکدی راگەیاندووە و دواتر لە پایتەختەکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن کە ئایا دانوستاندنەکان دەتوانن بەردەوام بن یان نا."
ئەم هەفتەیە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەردانی عومان و قەتەری کرد، جەلال دێهقانی فیروزئابادی دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران-ئەمریکادایە و بۆ پشتڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی هەڵوێستەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی هێڵە سوورەکانی ئێرانە.
سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیجی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لاریجانی لەو گەشتەدا وەڵامی ئەمریکای بۆ پێشنیازی ئێران بۆ دانوستاندن لە خولی یەکەمدا وەرگرتبێت. بێ گومان پرس و پێشهاتە ناوچەییەکانیش لەو کۆبوونەوانەدا باس کران؛ بە تایبەتی مەترسی شەڕێکی ناوچەیی کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دروست بکات و پێویستە هەمووان هەوڵ بدەن رێگری لە روودانی بکەن."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، بەشداریی باڵاترین بەرپرسی ئەمنیی وڵات لە دانوستاندنەکاندا زۆر گرنگە و متمانە دروست دەکات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر داهاتووی دانوستاندنەکان دەبێت.
ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 6ی ئەم مانگە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانیان بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەتی پایتەختەوە دەستپێکرد. بەرپرسانی هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی دانوستاندنەکان باش و ئەرێنی بوون و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، درێژە بە دانوستاندنەکان دەدەن.