سوپای ئێران: دوو بنکەی ئاسمانی و بارەگای 'شین بێت'مان لە ئیسرائیل کردە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئێران رایگەیاند، لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئاسمانییەکانی "پاڵماخیم" و "عوبدا" و بارەگای دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، سوپای ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە 24ی خۆیدا بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوودا، سوپا بە درۆنی تێکشکێنەر هێرشی کردووەتە سەر بورجی چاودێریی فڕۆکەکانی هەردوو بنکەی ئاسمانیی پاڵماخیم و عوبدا، لەگەڵ بارەگای شین بێت."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، بنکەی ئاسمانیی "پاڵماخیم" کە دەکەوێتە نزیک تەلئەڤیڤ، ناوەندی هەڵدان و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئیسرائیلە؛ هەروەها شوێنی جێگیرکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی "فلاخنی داود" و درۆنەکانی "هێرمس 900"ـە.
 
سەبارەت بە بنکەی "عوبدا"، سوپای ئێران رایگەیاندووە: "یەکێکە لە دامەزراوە ستراتیژییەکان و بنکەیەکی سەرەکیی مەشق و راهێنانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلە و پێشتر فڕۆکە جەنگییەکانی F-22ی ئەمریکی لێ جێگیر کراوە."
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بارەگای "شین بێت" وەک دڵ و ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل کار دەکات و بەرپرسە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و پاراستنی کەسایەتییە گرنگەکان و دامەزراوە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە.