جەنگی ئیسرائیل زیانی زۆری بە کۆشکی چل ستوون لە ئیسفەهان گەیاندووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆشکی مێژوویی چل ستوون لە شاری ئیسفەهان کە شوێنەوارێکی سەدەی 17یە و بەشێکە لە میراتی جیهانیی یونسکۆ، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. دەشڵێت، پارچەی مووشەک و تەقینەوەکان زیانیان بە ناوەوەی ئەم تەلارە مێژووییە گەیاندووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرانەوە کە وێرانکارییەکی زۆر لە ناو کۆشکی چل ستوون پیشان دەدەن، کە زۆرجار بە "گەوهەری ئیسفەهان" ناودەبرێت. لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە شووشەی پەنجەرەکان شکاون و پارچەی مووشەک لە ناوەوەی کۆشکەکە بڵاوبوونەتەوە، هەروەها زیان بە بەشێک لە سەقف و پێکهاتە مێژووییەکەی گەیشتووە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "کۆشکی چل ستوون کە یەکێکە لە دیارترین تەلارە مێژووییەکانی بنەماڵەی سەفەوی، لە کاتی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانی بەرکەوتووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کۆشکە تەنیا موڵکی ئێران نییە، بەڵکو بەشێکە لە میراتی کولتووریی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
 
ئەم هێرشانە بۆ سەر شاری ئیسفەهان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ. رۆژی دووشەممە موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران دەستنیشانکرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە رێبەرە نوێیەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە.
 
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، لانیکەم 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە.