ئێران بۆ مۆندیال دەچێتە ئەمریکا و داوای گەرەنتیی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و وەزارەتی وەرزشی ئەو وڵاتە بڕیاریان دا لە مۆندیالی 2026 نەکشێنەوە و بەشداریی یارییەکان بکەن، بەڵام داوایان کرد ئەمریکا و فیفا گەرەنتیی پاراستنی گیانی یاریزانەکانیان بکەن.
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و ئەحمەد دنیامالی، وەزیری وەرزشی ئێران، لەگەڵ دامەزراوە ئەمنیی و چاودێرییەکانی وڵاتەکە، تاران هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 راگەیاند، کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمی، مەهدی تاج، لە کۆبوونەوەکاندا جەختی کردووەتەوە "هەڵبژاردەی ئێران بە بانگهێشتنامە ناچێتە مۆندیال، بەڵکو بە ماندووبوونی خۆی و بەدەستهێنانی ئەنجامەکان سەرکەوتووە، بۆیە پاشەکشە ناکەین."
بڕیاری کۆتایی ئێران بەو جۆرە بوو بەشداریی مۆندیال دەکەن، بەڵام مەرجیان هەیە. تاران، داوای لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) و حکومەتی ئەمریکا کرد، وەکو میوانداری یارییەکانی گرووپی (G) کە ئێران تێیدایە، گەرەنتیی ئەمنیی تەواو بدەن بۆ ئەوەی یاریزانان و شاندی وڵاتەکە بەبێ هیچ کێشەیەک مەشق و یارییە فەرمییەکان ئەنجام بدەن.
بڕیارە مۆندیالی 2026 لە هاوینی ساڵی ئەم ساڵ دەستپێبکات، هەڵبژاردەی ئێران لە گرووپی G لەگەڵ هەڵبژاردەکانی میسر، نیوزلاند، بەلجیکا یاریدەکات.