سوپای پاسداران: ترەمپ و ئەمریکییەکان داوای ئاگربەست دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەڵێ، دوو رۆژە سەرۆکی ئەمریکا داوای ئاگربەست لە ئێران دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەڕووی ''ژمارە و کواڵیتی''ـیەوە پەرە بە هێرشەکانیان دەدەن.
 
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026، عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باسی لە دۆخی جەنگ کرد و رایگەیاند، ''ئەوان [ئەمریکا] هەموو جیهان دەکەنە نێوەندگیر، بۆ ئەوەی ئاگربەست بکرێ.''
 
بەگوتەی عەلی فەدەوی، ئەمریکا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران سەرکەتوو نەبووە: ''ئەگەر سەرکەوتوو بووایە، بەدوای ئاگربەستەوە نەبوو، بەڵکو لەسەر داخوازییەکانی خۆی بەردەوام دەبوو.''
 
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، دوو رۆژە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە بەدوای ئاگربەستەوەن، ''چونکە گوشارێکی زۆریان بۆ هاتووە. ئێمە لەڕووی ژمارە و کواڵیتییەوە، پەرەمان بە هێرشەکانمان داوە.''
 
وەک عەلی فەدەوی دەڵێت: ''ئێستا هیچ مووشەکێکیان بەرەو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەتەقێنرێن، توانای هەڵگرتنی تەقەمەنییان لە یەک تۆن کەمتر نییە''.
 
قسەکانی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لەکاتێکدان تاوەکو ئیستا چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی رایانگەیاندووە کە توانای مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان بە رێژەیەکی بەرچاو لاواز کردووە.