لە لوڕستان سێ کەس بە تۆمەتی چالاکیی دژی ئێران دەستبەسەر کران


رووداو دیجیتاڵ

سوپای لوڕستان دەڵێ، سێ کەسیان دەستگیر کردووە کە ''هاوکاری''ـی میدیاکانی دژبەری ئێرانیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026، لقی پارێزگای لوڕستانی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی ''شێواندنی رای گشتی و هاوکاریکردنیان لەگەڵ میدیاکانی دژ بە ئێران''ـی پشتڕاست کردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی لقی لوڕستانی سوپای پاسداران، ئەو سێ هاونیشتمانییە بە ''بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، سووتاندنی هێما ئایینییەکان و ناردنی وێنە بۆ میدیاکانی دژبەری ئێران''، چالاکیی ''تێکدەرانە''ـیان کردووە.
 
سوپای پاسدارانی لوڕستان هەڕەشە دەکات، هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانە بەردەوام دەبێ کە هەوڵی ''تێکدانی ئاسایش''ـی ناوچەکە دەدەن.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.