سوپای پاسدارانی ئێران: دەبێ کەشتییەکان بە رەزامەندی ئێمە لە تەنگەی هورمز بپەڕنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند  هەر کەشتییەک بیەوێت لە تەنگەی هورمز تێبپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لە ئێران وەربگرێت،چونکە بێ ئەو مۆڵەتە کەشتییەکان پەکدەخەن .
 
عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران، لە پۆستێکیدا لە ئێکس، سەبارەت بە ئاسایشی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز، بە تەنزەوە نوسیویەتی: "ئایا دڵنیایی درابوو بە کەشتییەکان بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز؟"
 
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بە ناوی دوو کەشتی کرد و دەڵێت: "پێویستە ئەم پرسیارە لە تیمی کەشتییەکانی (Express Rome) و (Maersk Naree) بکرێت، کە ئەمڕۆ متمانەیان بە 'بەڵێنە پووچەکان' کرد و گوێیان بە ئاگادارییەکانمان نەدا و ویستیان لە تەنگەکە تێپەڕ بن، بەڵام راگیران."
 
فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران جەختی لە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەسەر تەنگەی هورمزدا کردەوە و رایگەیاند: "هەر کەشتییەک بیەوێت لەم تەنگەیە تێپەڕ بێت، دەبێت مۆڵەت لە ئێران وەربگرێت."
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان ئاڵۆزییەکان لە ئاوەکانی کەنداو گەیشتوونەتە لوتکە و ئێران وەکو کارتێکی گوشار، چاودێرییەکی توند دەخاتە سەر هاتووچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز.