خاڵەکانی پشکنینی سوپای پاسداران لە شاری تاران بە درۆن بۆردوومان دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
شەوی چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026 بەتایبەت لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاری تاران دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. تاوەکو ئێستا زانیاریی پشتڕاستکراوە لەبارەی ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون، بڵاونەکراوەتەوە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئێوارەی چوارشەممەەوە بە ژمارەیەکی زۆر درۆن هێرشکرایە سەر تاران و، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران دوو درۆنی ئیسرائیلی خستە خوارەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئامانجی سەرەکیی هێرشە درۆنییەکە، بنکە و خاڵەکانی پشکنینی سوپای پاسداران و پۆلیس بوو لەنێو شاری تاران.
ئاژانسی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ژمارەیەک خاڵی پشکنینی هێزەکانی بەسیج لە گەڕەکەکانی ناوچەکانی 1، 14، 15 و 16 لەنێو شاری تاران، زیاتر لە 10کەس لە هێزەکانی بەسیج کوژراون.
بەسیج بە یەکێک لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی سوپای پاسداران دادەنرێت و بە هێزی خەڵکیی سوپای پاسداران دەناسێندرێت. بەشێک لە ئەندامانی بەسیج چەکدارن و لە سەرەتای شەڕەوە، کۆنترۆڵی ئەمنی و چاودێریکردنی نێو شاری تاران بە هێزەکانی بەسیج سپێردراوە.
جگە لە هێرشی درۆنی، رۆژی چوارشەممە هێرشی فڕۆکە و مووشەکیش لەسەر تاران بەردەوام بوو. لە دوازدەیەمین رۆژی شەڕدا، چەقی هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی (جەنەت ئاباد قولهەک، موعین و نیاوەران) بوو. هەروەها زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێن لەنێو شاری تاران بۆ چەندەمین جار لە سەرەتای شەڕەوە بۆردوومان کرایەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی هێزەکانی سوپای پاسداران لە تاران، فڕۆکەکانیان دەستبەجێ شوێنەکانی مانەوەیان بۆردوومان کردوون.
جگە لە تاران، رۆژی چوارشەممە چەندین بنکە و دامەزراوەی سەربازی و پاڵاوگە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران کرانە ئامانج.
لە دەرەوەی شاری کەرەج، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی پۆلیس.
لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران بۆردوومان کراون. هەروەها لە شاری چابەهاری پارێزگاکەش، هێرشکرایە سەر دوو بنکەی سەربازیی هێزی دەریایی ئێران.
لە بەندەری ماهشەهری پارێزگای خوزستانیش، بنکەیەکی سەربازی کراوەتە ئامانج. پێش نیوەڕۆی چوارشەممە، لە شاری ئابادانی ئەو پارێزگایەش، هێرشکرایە سەر دوو پاڵاوگەی نەوت.
لە شاری بووشێهر، بنکەکانی هێزی دەریایی ئەرتەش و لە ئیسفەهان، ناوەندی هێزی بەرگری ئاسمانیی سوپا (ئەرتەش) و لە دەورووبەری شاری شیرازی پارێزگای فارسیش دوو بنکەی سەربازی بۆردوومان کران.
حکومەتی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل جگە لە دامەزراوە و بنکە سەربازییەکان، شوێنی ناسەربازیش لەو وڵاتە بۆردوومان دەکەن. بەپێی ئامارێک کە رێکخراوی مانگی سووری ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، 21 هەزار و 720 یەکەی ناسەربازی لەو وڵاتە بۆردوومان کراون، لە نێویاندا 160 بنکەی تەندروستی و ژمارەیەک قوتابخانە و یاریگەری وەرزشی.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا و سوپای ئیسرائیل دەڵێن، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە شوێنی ناسەربازی جێگیربوونە و ئەو شوێنانە بەکار دەهێنن بۆ خۆ پەنادان و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.