ئەندامێکی شاندەکەی ئێران: ئەمریکا بۆ رێککەوتن نەهاتبوون و وانەیەکی گەورەیان وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
مەحموود نەبەویان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران کە لە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد بەشداربوو، رایگەیاند، ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا مەبەستی رێککەوتن نەبووە، بەڵکو ویستوویەتی ئیرادەی گەلی ئێران تاقی بکاتەوە و دەشڵێت: "لەسەر سێ خاڵی سەرەکی جیاوازیی تەواومان هەبوو."
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحموود نەبەویان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد گوتی: "تیمی دانوستاندنکار بە رەزامەندیی رێبەری باڵا دەستی بە کارەکانی کرد و چووە ناو دانوستاندنەکانەوە. ئێمە هەم لە مەیدان و هەم لە دانوستاندن سوود وەردەگرین بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی ئێران."
نەبەویان جەختی لەوە کردەوە، دانوستاندنەکان دەبێت گوزارشت لە ویستی خەڵک بکەن و گوتی: "پێویستە دانوستاندن لە پشت خەڵک و لە پشت ویستەکانی خەڵکەوە بێت. دڵنیایی تەواو دەدەینە خەڵکی ئازیزمان کە لەم دانوستاندنەدا کە ئێستا ئەنجامدرا، هەر بەو شێوەیە بووە. هەوڵدراوە ئەوەی ویستی گەلی ئازیزی ئێرانە و بەرگریکردنە لە مافەکانیان و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر زۆردارییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، جێبەجێ بکرێت."
"بەهیچ جۆرێک ئێران نەچووە ژێر بار"
سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد: "لەسەر سێ بابەت جیاوازیی تەواو هەبوو، بە هیچ جۆرێک گەلی ئێران نەچووە ژێر باریان. لەم دانوستاندنەشدا دانوستاندنکارەکان هەمان قسەی گەلی ئێرانیان کرد و بە تووندی وەستان."
نەبەویان رەخنەی لە هەڵوێستی واشنتن گرت و رایگەیاند: "وا دیارە ئەمریکا بۆ رێککەوتن نەهاتبوو، ئەمریکا هاتبوو تاوەکو تاقیکردنەوەیەک بکات و ببینێت ئایا گەلی ئێران لەسەر هەمان رێبازی خۆڕاگریی خۆی ماوەتەوە یان نا. وانەیەکی گەورەیان لە گەلی ئێران وەرگرت، هەم لە مەیدان، هەم لە شەقام و هەم لە دانوستاندن. ئینشاڵڵا ئێمە لە پشت گەلی ئێرانەوە بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر زۆردارییەکانی دووژمنان دەوەستین و سەرکەوتن بۆ گەلی ئێرانە."
ئەم لێدوانانەی مەحموود نەبەویان دوای ئەوە دێن کە رۆژی شەممە 11-4-2026، دانوستاندنێکی چڕی 20 کاژێری لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لە پرسی ئەتۆمیدا بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز داوە.
ئێران داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕ و وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی دەکات، لە بەرامبەردا ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی کە تاران دەبێت بە تەواوی دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ببێت.