قالیباف بۆ ئەمریکا: ئەگەر بە لۆژیک بێنە پێشەوە، بە لۆژیک مامەڵە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رادەگەیێنێت، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر گەلی ئێران نییە و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکییەکان جارێکی دیکە ئیرادەمان تاقی بکەنەوە، وانەیەکی گەورەتریان فێر دەکەین."
محەممەدباقر قالیباف، دوای گەڕانەوەی شاندی ئێران لە پاکستان ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستاندنەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ترەمپ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەلی ئێران نییە؛ ئەمە درووشم نییە و لە مەیداندا سەلماندوومانە. پێشانمان دا کە دووژمنانی گەلی ئێران چەندە بێ ئومێد بوون."
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا کە بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "گفتوگۆکان زۆر چڕ، جیدی و پڕ لە ئاڵنگاری بوون. شاندەکەی ئێمە بۆ نیشاندانی نیازپاکی، دەستپێشخەریی زۆر باشیان کرد، هەر ئەوەش بووە هۆی پێشکەوتن لە دانوستاندنەکاندا."
قالیباف رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکای گرت و ئاشکرای کرد: "ئەمریکییەکان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا و لەنێوەڕاستی دانوستاندنەکاندا، دوو جار هێرشیان کردە سەرمان. ئێمە ناچینە ژێر باری هیچ هەڕەشەیەک و سەلماندمان کە بە هەڕەشە خۆمان بەدەستەوە نادەین."
لە پەیامێکی رووندا بۆ بەرپرسانی ئەمریکا، قالیباف گوتی: "ئەگەر شەڕ بکەن ئێمەش دەجەنگین، ئەگەر بە لۆژیکیش بێنە پێشەوە، ئێمە بە لۆژیک مامەڵە دەکەین. ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت رێگەیەکی دەرچوون بۆ خۆی بدۆزێتەوە، تاکە رێگە ئەوەیە بڕیار بدات و متمانەی گەلی ئێران بەدەست بهێنێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی بە خێرایی بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت و هیچ گوشارێک ناتوانێت رێگرییان لێ بکات.
ئەم لێدوانەی قالیباف لە کاتێکدایە دوای 21 کاژێر گفتوگۆ لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان، دانوستاندنەکانی نێوانیان شکستیان هێنا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئەمڕۆ هەرەشەی تووندی لە ئێران کرد و گوتی:"ئێمە ئێستا لە ئامادەیی تەواوداین و سوپاکەمان کۆتایی بەو تۆزەش دەهێنێت کە لە ئێران ماوە، ئەگەر تەقەمان لێ بکەن."
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا یەکسەر دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێ بچنە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن ئێران سەرانە لەەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە تەنگەکەدا تێپدەپەرن.