دادپزیشکیی ئێران: ناسنامەی 3375 کوژراوی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناسراونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەی سێ هەزار و 375 کەس کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا گیانیان لەدەستداوە، بە رێگەی زانستی ناسراوەتەوە، زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 40 ساڵیدا بووە.
 
رۆژی یەکشەممە، عەباس مەسجدی، سەرۆکی رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکەدا رایگەیاند: "لە ماوەی شەڕی رەمەزاندا، تەرمی سێ هەزار و 375 کەس لەلایەن رێکخراوی دادپزیشکیی ئێرانەوە بە رێگەی زانستی و پسپۆڕی ناسنامەیان دیاریکراوە، کە دوو هەزار و 875 کەسیان پیاو و 496 کەسیشیان ژن بوون."
 
سەبارەت بە دابەشبوونی تەمەنی قوربانییەکان، مەسجدی ئاماژەی بەوە کرد، 7 منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ، 255 منداڵی تەمەن 1 بۆ 12 ساڵ و 121 مێردمنداڵی تەمەن 13 بۆ 18 ساڵ لەنێو قوربانییەکاندان.
 
بەپێی گوتەی سەرۆکی دادپزیشکیی ئێران، زۆربەی قوربانییەکان کە 1761 کەسن (52.18%)، لە تەمەنی 19 بۆ 40 ساڵیدان. هەروەها 906 کەس لە تەمەنی 41 بۆ 60 ساڵ و 223 کەسیش لە سەرووی 61 ساڵییەوە بوون.
 
لەنێو کوژراواندا کەسانی بیانیی هەن
 
مەسجدی ئاشکرای کرد، "لەنێو قوربانییەکاندا هاووڵاتیی ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، پاکستان، چین، عێراق و لوبنانیش هەن."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، زۆرترین ژمارەی قوربانییەکان بەپێی ریزبەندی لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان و ئەسفەهان تۆمارکراون.
 
ئەم ئامارانەی دادپزیشکیی ئێران دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دێن بۆ سەر شارە جیاجیاکانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژی جەنگدا. 
 
ئەم جەنگە کە لە ئێران بە "جەنگی رەمەزان" ناسراوە، زیانێکی زۆری گیانی و مادیی لێکەوتووەتەوە. ئێستا ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەییدایە، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون، فەرمانی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز داوە و گرژییەکان دووبارە روویان لە هەڵکشان کردووەتەوە.