سوپای پاسداران: نزیکبوونەوەی کەشتییە سەربازییەکان لە تەنگەی هورمز بە پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، هەر هەوڵێکی کەشتییە سەربازییەکان بۆ نزیکبوونەوە لە تەنگەی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەست دەبینن و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبنەوە.
لە راگەیێندراوی ژمارە 59ـی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێراندا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بەپێچەوانەی بانگەشە درۆینەکانی هەندێک لە بەرپرسانی دووژمن، تەنگەی هورمز لە جڵەو و بەڕێوەبردنی ژیرانەدایە و بە رەچاوکردنی رێسا تایبەتەکان، تەنیا بۆ تێپەڕبوونی بێ زیانی کەشتییە سڤیلەکان کراوەیە."
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند دەداتە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و دەڵێت: "بۆ ئەو کەشتییە سەربازییانەی کە لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا، مەبەستی نزیکبوونەوەیان لە تەنگەی هورمز هەبێت، ئەمە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنرێت و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبینەوە."
ئەم هۆشدارییە نوێیەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن.
لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێکان و ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی کردووە.
هەرچەندە ئێستا ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەییدایە، بەڵام ئەم لێدوانانەی سوپای پاسداران و بڕیارەکەی ترەمپ نیشانەی ئەوەن کە ئاگربەستەکە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ئارادایە.