ئێران لە کاردانەوەی پەسندکردنی بڕیارنامەکەی IAEA بنکەیەکی نوێی ئەتۆمی دەخاتەگەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پەسند کرد.
 
بڕیارنامەکە لەلایەن فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکاوە پێشکێشی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرابوو و لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەر درا و پەسند کرا.
 
بڕیارنامەکە بە 19 دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر و 11 دەنگی بێلایەن پەسند کرا. چین، رووسیا و بۆرکینافاسۆ دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا.
 
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، تاران بە کۆگەکردنی بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی زۆر و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پابەندییەکانی خۆی پێشێلکردووە. لە بڕیارنامەکەدا داوا لە ئێران کراوە بە خێرایی و بە تەواوی هاوکاری ئاژانسی وزەی ئەتۆم بکات.
 
لە کاردانەوە بە پەسندکردنی ئەو بڕیارنامەیە، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ناوەندێکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شوێنێکی پارێزراو دەخاتەگەڕ. شوێنی بنکە ئەتۆمییەکە ئاشکرا نەکراوە و تەنیا ئاماژە بەوەدراوە، لە ناوەندەکەدا کەڵک لە (سانتریفیوژ)ـی پێشکەوتوو وەردەگیرێت.
 
وەزارەتی دەرەوە و رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی پەسندکردنی بڕیارنامەکە دەکەن و دەڵێن، ئەو هەنگاوە بەکارهێنانی ئەنجوومەنی دادوەرانە بۆ ئامانجی سیاسی.
 
پێش پەسندکردنی بڕیارنامەکە، ئێران هۆشداری دابوو کاردانەوەی تووندی دەبێت، ئەگەر بڕیارنامەکە پەسند بکرێت.