دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گولی لە ئێران بڵاوبووەتەوە و وەزارەتی تەندروستی رەتیدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی سیل و پەتا لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گولی لەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە، راست نین.
 
مەهشید ناسحی، سەرۆکی فەرمانگەی سیل و پەتا لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوودا، ساڵانە بە شێوەی مامناوەند 40 کەس لە ئێران تووشی ئەو نەخۆشییە دەبوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 10 کەس دابەزیوە.
 
لە رۆژانی رابردوودا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی ئێران دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کۆچبەرانی ئەفغانستان نەخۆشییەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
 
سەرۆکی فەرمانگەی سیل و پەتا لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، پێچەوانەی باوەڕی باو کە پێیانوایە، خەڵک بە زوویی نەخۆشیی گولی لە یەکدییەوە دەگرن، گولی زۆر کەمتر لە نەخۆشییەکانی دیکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە و 95%ی ئەو کەسانەی بەریەککەوتنیان لەگەڵ تووشبووانی ئەو نەخۆشییە هەیە، نەخۆشییەکە ناگرنەوە.
 
دەشڵێت، ئەو کەسانە مەترسیی گرتنەوەی نەخۆشییەکەیان هەیە کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ تووشبوواندا بمێننەوە یان نەخۆشیی جیناتیان هەبێت.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران پێشتر رایگەیاندووە، 11 هەزار کەس لەو وڵاتە نەخۆشیی گولییان هەیە.