لە هێرشێکی چەکدارییدا لە شارێکی ئێران 3 پۆلیس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە کوژران. گرووپێکی چەکداری بەلووچ کە بارەگاکانی لە پاکستانە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
ئەمڕۆ شەممە 12ی تەممووزی 2025، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی لە شاری چابەهار لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە هێرش کرایە سەر هێزەکانیان و رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند روویدا.
 
پۆلیسی سیستان و بەلووچستان دەڵێت، "هێرشەکە بۆ سەر یەکەیەکی پۆلیس بووە و لە هێرشەکەدا سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیس بە سەختی بریندار بوون کە دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەریەک لە حوسێن جەعفەرنیا، عەباس بێیرەقی فەرد و حەمیدڕەزا میرشاهی، سێ ئەندامەکەی هێزەکانی پۆلیسن کە لە هێرشەکەی شاری چابەهاردا کوژراون؛ ئاماژەش بەوە کراوە، لە شەڕەکەدا یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
 
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
گرووپە چەکدارییەکە رایگەیاند، هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر یەکەیەکی هێزەکانی پۆلیس وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی چوار ئەندامیان لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری چابەهار.