دوایین پارچەکانی هێڵی ئاسنی سنە خەریکە تەواو دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دوایین پارچەکانی هێڵی ئاسنی سنە خەریکە تەواو دەبێت؛ بە گوتەی بەرپرسان لە دوایین قۆناخی پرۆژەکەدان، پرۆژەیەک کە نزیکەی دوو دەیەی خایاندووە تاوەکو گەیشتووەتە نزیک سنە. ئەو پرۆژەیە زۆر جاران بەهۆی نەبوونی بودجەوە راوەستاوە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە.
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە رایگەیاند، "بەگشتی نزیکەی 96%ی پرۆژەکە تەواو بووە، لە پارەوە تاوەکو ئەم ساتە یەک تریلیۆن و 104 ملیار تمەن بودجە بۆ پرۆژەکە تەرخان کراوە. پشتیوان بە خودا تاوەکو مانگێکی دیکە پرۆژەکە رادەستی رێکخراوی هێڵی ئاسنی ئێران دەکرێت."
پرۆژەی هێڵی ئاسنی وەکو پرۆژەیەکی ستراتیژی لە قەڵەم دەدرێت و لەڕێی هەمەدانەوە، شاری سنە بە تارانەوە دەبەستێتەوە و پرۆژەکە لەگەڵ هێڵی سەرتاسەریی شەمەندەفەری ئێران یەکدەگرنەوە. ئەم هێڵی ئاسنە نزیکەی 150 کیلۆمەتر درێژە و حەوت وێستگەی هەیە. ساڵی 2004 دەست بە دروستکردنی کراوە و بڕیاربوو ساڵی 2021 تەواو ببێت.
پارێزگاری سنە دەڵێت، "لە هەوڵداین ئەم پرۆژەیە تاوەکو سنووری باشماخ رابکێشین و ئێستا دانوستاندنی بۆ دەکەین، توێژینەوەی لەسەر دەکەین و ئامادەکاری دەکەین بۆئەوەی پرۆژەکە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، پەسند بکرێت. ئەم قۆناخەشی دەتوانێت تەواوکارێکی زۆر باش بێت و پرۆژەکە بکاتە هێڵێکی ئاسنی ستراتژی بۆ ناوچەکە و وڵاتە ئەزیزەکەمان."
ئەم هێڵی ئاسنە بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا لە ماوەی ساڵێکدا 300 هەزار گەشتیار و 600 هەزار تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە، بەڵام لە قۆناخی کۆتاییدا دەبێت لە ساڵێکدا 600 هەزار گەشتیار و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە.
هێڵی ئاسنی سنە دوای ورمێ و کرماشان، سێیەمین هێڵی ئاسنی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بڕیارە تەنیا لە سنەش رانەوەستێت، بەڵکو تاوەکو مەریوان درێژ و سنووری باشماخ لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان درێژ بکرێتەوە.