بەرهەمی ترێی رەشی ئەمساڵی سەردەشت بەهۆی دەرمانی قڕکەرەوە خراپ بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ترێی رەشی سەردەشت پێگەیشتووە و خاوەن رەزەکان خەریکی لێکردنەوەین، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵیان وەکو ساڵانی رابردوو باش نییە.
 
جگە لە سەرمابردوویی، خراپیی کوالێتیی ئەو دەرمانی قڕکەرەی بە جووتیارانی سەردەشت دراوە، هۆکارێکی دیکەی خراپبوونی بەرهەمی ئەمساڵیانە.
 
گلەییەکی گەورەی خاوەن رەزەکانی سەردەشت، کەمبوونی نرخی فرۆشتنی ترێیە. ئەوان داوا دەکەن، حکومەت ساڵانە لە بەرەبەری پێگەیشتنی بەرهەمی ترێدا، نرخەکەی دیاری بکات، بۆئەوەی قازانجی سەرەکی نەچێتە گیرفانی بازرگانان.
 
بەشێکی کەم لە ترێی رەشی سەردەشت بە وردە و لەنێو شارەکان دەفرۆشرێت؛ بەشێکیشی دەکرێتە شەراب، بەڵام بەشی زۆری رەوانەی کارگە و کارخانەکانی بەرهەمهێنانی ئاومیوە دەکرێت.
 
لە سەردەشت زیاتر لە 50 جۆر میوە بەرهەم دێن. ناسراوترینیان ترێ رەشەیە. پێشبینی کراوە، ئەمساڵ لە 7500 هێکتار رەز و باخی سەردەشت، زیاتر لە 30 هەزار تۆن ترێ بەرهەم بێت.