ئێران: پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای مووشەکی هێڵی سووری ئێمەن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای کەمتر لە دوو هەفتە لە کاراکردنی سناپباک و سەپاندنی سزاکانی سەری، ئێران رژدە لەسەر هەڵوێستەکانی لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی.
 
بێهنام سەعیدی، سکرتێری یەکەمی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "دوو هێڵی سوورمان هەن، پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای مووشەکی. هەموو پایەکانی سیستم و هەموو گەلی ئێران تاوەکو مردن لە پاڵ ئەم دوو پرسەدا دەوەستن. بەهیچ شێوەیەک نە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنین و نە دەست لە تەکنەلۆژیای مووشەکیمان هەڵدەگرین."
 
ئێران باس لەوە دەکات، بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا تاران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتباردەکەن.
 
ئەمریکا و رۆژئاوا داوای سنووردارکردنی توانا مووشەکییەکانی ئێرانیش دەکەن، بەڵام تاران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی بەردەوام دەبێت.
 
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "پەرلەمان ئەو هەنگاوانەی ناوە کە پێویستن بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری. چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی پلان و بودجە هەبووە، لەگەڵ سوپاسالار هەمانبووە. تاوەکو ئێستا هەوڵی زۆرباش بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگری دراون."
 
دوای کاراکردنی سناپباک، ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکە سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند. کەرتی وزەی وڵاتەکەش کراوەتە ئامانجی تووندترین سزاکان.
 
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران گوتی، "بە کاراکردنی سناپباک بڕیار نییە سنووردارییەکانی سەر کەرتی نەوتمان قورستر لە سنووردارییەکانی پێشتر بێت. لەوانەیە هەندێک کێشە دروست بکات، بەڵام لە کاتێکی گونجاودا رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر."
 
بەرپرسانی ئێران نایشارنەوە کە هیوایان بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا کەمتر بووە، بەڵام تاران پەیامی ئەوە بە گوێی جیهان دەچرپێنێ، کە دەرگای دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە.