زانکۆی پزیشکیی لوڕستان: داوای داخستنی قوتابخانە و زانکۆکانمان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی پزیشکیی پارێزگای لوڕستان رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای ئەنفلەوەنزا، داوای داخستنی قوتابخانە و زانکۆکانی کردبێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی پزیشکیی لوڕستان، ئەمڕۆ هەینی 12-12-2025 رایگەیاند، هیچ داواکارییەکیان نەداوەتە ناوەندی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی ئەو پارێزگایە لەبارەی داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەنفلەوەنزا.
روونکردنەوەکەی زانکۆی پزیشکیی لوڕستان دوای ئەوە هات، لە میدیاکانی ئەو پارێزگایە بڵاوکرایەوە، زانکۆی پزیشکی داوایکردووە، داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لەو پارێزگایە درێژ بکرێتەوە، بەهۆی زیاتربوونی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زیاتر لە مانگێکە پەتای ئەنفەوەنزا لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە و هەموو پارێزگاکانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی لانیکەم 101 کەس بەهۆی ئەو پەتایە راگەیێندراوە.
لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا، پیسی هەوا، سەرما و بارینی بەفر و باران زۆربەی رۆژەکان، قوتابخانەکان کراونەتە پشوو.