ئیدارەی ترەمپ 100 هەزار ڤیزەی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لە یەکەم ساڵی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، زیاتر لە 100 هەزار ڤیزە هەڵوەشێندراونەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئیدارەی ترەمپ هیچ ئەولەوییەتێکی لە پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی و پاراستنی سەروەریی ئەمریکا بەرزتر نییە."
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ڤیزە هەڵوەشێنراوەکان لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، دوو هێندە و نیوی ئەو ژمارەیەیە کە لە ساڵی 2024 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن هەڵوەشێندراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوە، هەزاران ڤیزە بەهۆی تێوەگلان لە تاوانی وەک "دەستدرێژی، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و شۆفێری بە سەرخۆشی" هەڵوەشێندراونەتەوە.
هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی ئەو خوێندکارە بیانیانە کردووەتەوە کە لە کەمپی زانکۆکان "دژی ئیسرائیل" خۆپێشاندانیان کردبوو. وەزارەتی دەرەوە دووپاتیکردەوە کە 8,000 لەو ڤیزە هەڵوەشێندراوانە هی خوێندکاران بوون.
بۆ بەئامانجگرتنی ئەو خوێندکارانە، روبیۆ پشتی بە "یاسای ماکارسی" بەستووە؛ یاسایەک کە دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی رابردوو و رێگە بە حکومەت دەدات رێگری لە هاتنی بیانییەکان بکات یان دیپۆرتیان بکاتەوە، ئەگەر بە "هەڕەشە بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا" هەژمار بکرێن.
وەک بەشێک لە رێکارە تووندەکان، ئێستا لەکاتی پێدانی ڤیزە پشکنین بۆ پۆست و چالاکییەکانی داواکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەکرێت.
مانگی رابردوو، وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 605,000 کەسی دیپۆرتکردووەتەوە و 2.5 ملیۆن کەسی دیکەش بە خواستی خۆیان وڵاتەکەیان جێهێشتووە.