پۆلیسی ئێران: تاوانباران بە تووندترین شێوە سزا دەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پۆلیسی ئاسایشی گشتی ئێران دەڵێت: 279 کەسیان دەستگیر کردووە کە دەستیان هەبووە لە "نائارامییەکانی وڵاتدا."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 مەجید فەیزی جەعفەری، فەرماندەی پۆلیسی ئاسایشی گشتی ئێران رایگەیاند، "هێزەکانیان هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە و 279 کەسیان لە نێو خۆپێشاندەران دەستگیر کردووە کە هەوڵی نائارامی شێواندنی دۆخەکەیان داوە."
 
مەجید فەیزی جەعفەری گوتی، "لەو 279 کەسە، دوویان بە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس کوژراون و 17 کەسی دیکەشیان بە برینداری دەستگیر کراون."
 
بە گوتەی مەجید فەیزی جەعفەری، "20 دۆسیە بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە کە پەیوەندیان بە رێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەبووە کە لە لایەن ئیسرائیل پاڵپشتی دەکرێن."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، کە غوڵام رەزا موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رۆژی دووشەممە 12-01-2026 رایگەیاند، "هیچ لێخۆشبوون و لێبووردنێک بۆ دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییە نییە و تاوانباران بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 646 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە.
 
بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ، رایگەیاند، "نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە خۆپێشاندان، دەست بەسەر دامەزراوەکاندا بگرن." هەروەها داوا دەکات خۆپێشاندەران "ناوی بکوژ و ستەمکاران تۆمار بکەن،" هەڕەشەی ئەوەش لەوانە دەکات تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن، لە داهاتوودا "باجێکی قورس دەدەن."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و ئەم هەنگاوەی بەستەوە بە پێویستیی راگرتنی "کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران و گوتیشی، "یارمەتی بەڕێوەیە."