باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەکە لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا بۆ هاووڵاتییانی رایگەیاندووە، "هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن." داواشی لە ئەمریکییەکان کردووە کە خۆیان پلان بۆ دەرچوون دابنێن و چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەکەن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، "ئەگەر ناتوانن دەربچن، شوێنێکی پارێزراو لەنێو ماڵەکەتان یان باڵەخانەیەکی دیکەی سەلامەت بدۆزنەوە."
باڵیۆزخانەکە ئامۆژگاریی ئەمریکییەکانی کردووە کە چاوەڕێی پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت بن و رێگەی دیکە بۆ پەیوەندیکردن بدۆزنەوە، هەروەها دەڵێت، "ئەگەر سەلامەت بوو، بیر لەوە بکەنەوە بە رێگەی وشکانییەوە بەرەو ئەرمینیا یان تورکیا بڕۆن."
سەبارەت بەو کەسانەی وڵاتینامەی هەردوو وڵاتیان هەیە، باڵیۆزخانەکە دەڵێت، دەبێت بە پاسپۆرتی ئێرانی بچنە دەرەوە، چونکە تاران دان بە وڵاتینامەی دووەمدا نانێت و وەک هاووڵاتیی ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. هۆشدارییش دەدات کە "نیشاندانی پاسپۆرتی ئەمریکی یان هەبوونی پەیوەندی بە ئەمریکاوە بەسە بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیریان بکەن."
ترەمپ بژاردەی سەربازی و نهێنی تاوتوێ دەکات
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە سەپاندنی باجی بە رێژەی 25% بەسەر "هەموو" ئەو وڵاتانەدا راگەیاند کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی ئێران بەکارهێنانی هێزی لە دژی خۆپێشاندەران زیاد کردووە. تاران خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێڕی و هێرشی چەکداری تۆمەتبار دەکات.
هەرچەندە ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردووە ئەگەر هێزی کوشندە دژی خۆپێشاندەران بەکاربهێنرێت، بەڵام هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ تاران نیشانداوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رۆژی دووشەممە ترەمپ لە چەند بژاردەیەک ئاگادار کراوەتەوە بۆ هەنگاونان دژی ئێران، کە یەکێک لەوانە هێرشی ئاسمانییە.
کەناڵی CBS News بڵاویکردەوە، بژارە سەربازی و نهێنییەکان بریتین لە ئۆپەراسیۆنی سایبەری و هەڵمەتی دەروونی بۆ پەکخستنی ناوەندەکانی فەرماندەیی، هێڵەکانی پەیوەندی و میدیای فەرمیی ئێران.
کەناڵەکە لە زاری دوو بەرپرسی پێنتاگۆنەوە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سایبەری و دەروونییەکان دەکرێت بە جیا یان بەیەکەوە بکرێن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ لە کۆشکی سپی تاوتوێی بژارە نوێیەکان بکەن.
رۆژی یەکشەممە ترەمپ رایگەیاندبوو، ئیدارەکەی بە وردی چاودێریی دۆخی ئێران دەکات و بژاردەی "زۆر بەهێز" تاوتوێ دەکەن، چونکە ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکە رووی لە زیادبوونە. ترەمپ گوتی: "بڕیار دەدەین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "کاژیر بە کاژێر راپۆرت"ی لەسەر دۆخی ئێران پێدەگات، بێ ئەوەی وردەکاری لەسەر کات و شوێن و چۆنێتیی جووڵەی ئەمریکا ئاشکرا بکات.