پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەمریکا مەرجەکانی تارانی بۆ دانوستاندن قبووڵ کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رژدبوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستاندنی ''ناڕاستەوخۆ'' لەگەڵ واشنتن دەربڕی و راشیگەیاند، ئەمریکا مەرجەکانی ئێرانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان قبووڵ کردووە. 
 
ئەمڕۆ هەینی 13-02-2026، مەحموود نەبەویان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لەبارەی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن رایگەیاند: ''ئەوە ئەمریکا بوو دوای گفتوگۆی کرد و مەرجەکانی ئێرانی قبووڵ کرد، لەوانەش گفتوگۆ تەنیا لەبارەی پرسی ئەتۆمی، بە فەرمی ناساندنی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لە عومان.''
 
مەحموود نەبەویان ئاماژەی بە ''ناچاری''ـی واشنتن کرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ تاران و گوتی، ئەمریکا لە جەنگی 12 رۆژە، خۆپێشاندانەکانی ئێران و رەوتی دانوستاندنەکانی پێشووی نێوان دوو وڵاتەکەدا شکستی خواردووە، بۆیە دووبارە داوای دانوستاندنی کردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەرپرسانی هەردوو وڵات، دانوستاندنەکانیان بە ئەرێنی ناوبرد و جەخت لە درێژەپێدانی دەکەنەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''رژدین لەسەر ئەوەی کە دانوستاندنەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بن''.
 
دانوستاندنەکە لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە هەڕەشە لە بەرپرسانی ئێرانی دەکات، کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ''شتی خراپ'' روودەدات.
 
مەحموود نەبەویان وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک، دەستیان لەسەر پەلاپیتکەیە.
 
پار پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.