پزیشکیان: داوای لێبووردن لە هاووڵاتیانمان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە کێشەکانی خەڵک و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە رایگەیاند، "داوای لێبووردن دەکەین". راشیگەیاند، چەندین لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە راسپێردراون بۆ ئەوەی بزانین بۆچی رووداوی لەم جۆرە روویانداوە و چۆن دەتوانرێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکرێت."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی پێنجشەممە دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، "خۆمان بە خزمەتکاری گەل دەزانین و بەهۆی ئەو کێشانەی بەسەر خەڵکدا هاتوون، لە دڵەوە داوای لێبووردن دەکەین."
 
پزیشکیان گوتی، بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و هەموو دامودەزگەکانی دیکە بە شێوەیەکی جیدی هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد،لەگەڵ خێزان و کەسوکاری ژمارەیەک لە قوربانیانی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە کۆبووەتەوە و رایگەیاند: "لەو دیدارەدا گوێم لە نیگەرانی و گرفتەکانی ئەو خێزانانە بوو، جەختمان لە بەدواداچوونی جیدی بۆ کێشەکانیان کردەوە. کاریگەری ئەو رووداوانە تەواوی وڵاتی گرتەوە و تەنانەت سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیێندرا."
 
مەسعود پزیشکیان جەختی لە پێکهێنانی چەندین لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ناڕەزاییەکان و تووندوتیژییەکانی کردەوە و گوتی: "تیمەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم رووداوانە بکەن، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی رووداوی لەم جۆرە روویانداوە و چۆن دەتوانرێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکرێت."
 
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدان، کە لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە بازاڕی تارانەوە دەستیپێکرد و هەر زوو هەموو وڵاتی گرتەوە، کە بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵام درانەوە.
 
سەبارەت بە ئاماری قوربانییەکان، حکومەتی ئێران کوژرانی سێ هەزار و 117 کەسی راگەیاندووە، بەڵام ئاژانسی (هرانا) دەڵێت، تاوەکو ئێستا کوژرانی حەوت هەزار و پێنج کەسیان بۆ پشتڕاستبووەتەوە و بەدواداچوون بۆ پشتراستکردنەوەی 11 هەزار و 730 دۆسیەی دیکە دەکرێت. هەروەها ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی 53 هەزار و 166 کەس و برینداربوونی 25 هەزار و 845  کەسی دیکە دەکەن.