سوپای پاسداران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی گەڕی 44ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" بە درووشمی "یا شدید العقاب"، بە لێشاوی مووشەکی "خەیبەرشکن" کە کێشی کڵاوە جەنگییەکانیان یەک تۆنە، چەندین ئامانجیان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئیلات کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران دەڵێت: ئەم هێرشانە لە شەوی 23ـی مانگی رەمەزان و لە لێواری رۆژی قودس دا ئەنجامدراون، وەک وەفایەک بۆ یادی شەهیدانی رێگەی قودس و بەتایبەت شەهید حوسێن سەلامی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، جگە لە ئیسرائیل، بنکەی ئاسمانی 'موەفەق سەڵتی' و بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن و شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بەرگریی ئاسمانیی 'بەرەی بەرگری' توانیویەتی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی هەڵگری ئەمریکایی لە جۆری (بۆینگ کەی سی-135) بخاتە خوارەوە، لەو کاتەی خەریکی گەیاندنی سووتەمەنی بووە بە فڕۆکەیەکی جەنگی، کە بەهۆیەوە 6 ئەندامی تیمی فڕۆکەکە کوژراون.