میدیای ئێران: لەسەر دووسایدی قوم - تاران هێرشکرایە سەر بنکەیەکی مانگی سوور
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رەتیدەکاتەوە هێرشەکەی ئیسرائیل لە دووسایدی قوم - تاران بۆ سەر بازگەی پشکنینی سوپای پاسداران بووبێت و دەڵێت، هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی مانگی سوور و لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13-03-2026، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی فارسی رایگەیاند، هێرشێکی چڕی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران و بازگەکانی پشکنینی سوپای پاسداران لە تاران دەستپێکردووە.
هاوکات میدیاکانی ئێران هێرشێکی ئیسرائیلیان بۆ سەر دووسایدی قوم - تاران پشتڕاستکردەوە، بەڵام پێچەوانەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێن هێرشەکە بۆ سەر بازگەکانی پشکنین نەبووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، بنکەیەکی مانگی سوور لەسەر دووسایدەکە بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامدا سێ کارمەندیان بریندار بوون.
لە گرتەڤیدیۆیەکدا کە مانگی سووری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، مەیسەم ئەفشار، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سوور دەردەکەوێت کە سەردانی چەند بریندارێک دەکات و دەگوترێت، شوێنی بۆردوومانەکەی دووسایدی قوم-تارانە.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.