ئەحمەدڕەزا رادان: خەڵکی ئێران لەپشت شۆڕش و رێبەرەکەیانن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران دەڵێ، خەڵک بە بەشداریکردن لە رێپێوانی قودس پیشانیاندا لە ئیسرائیل و ئەمریکا ناترسن.
رۆژی هەینی، 13-03-2026، ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە رێپێوانی رۆژی جیهانیی قودس لە تاران قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، بەشداریی خەڵک لەو رێپێوانە لە دۆخی جەنگدا، دەرخەری نەبوونی ترس لە ''دووژمن''ـە.
بە گوتەی ئەحمەدڕەزا رادان، خەڵک بە بەشداری لە رێپێوانەکەیان، ''دەیسەلمێنن کە لەپشت شۆڕش و رێبەرەکەیان دەوەستن.''
بەشداریکردنی ئەحمەدڕەزا رادان لە رێپێوانەکەدا لەکاتێکدایە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامن و چەندین جار ناوچەکانی نزیک خۆپێشاندەران بۆردوومان کراون.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.