سێنتکۆم دەڵێت فڕۆکەی B-2 لە هێرشەکانی سەر ئێراندا بەشدارە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڤیدیۆی فڕینی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی لە جۆری B-2 بڵاوکردەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهاتوون و رایدەگەیێنێت، ئامانجیان تەنیا لەنێوبردنی هەڕەشەی ئێستای ئێران نییە، بەڵکو رێگرییە لەوەی لە داهاتووشدا خۆیان بنیاد بنێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، سێنتکۆم دیمەنی فڕینی بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسادا بەکارهێنراون.
سێنتکۆم لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو بۆمبهاوێژە تارماییانە کە شێوەیان لە شەمشەمەکوێرە دەچێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان "تەنیا لەنێوبردنی هەڕەشەی رژێمی ئێران نییە لە ئەمڕۆدا، بەڵکو نەهێشتنی توانای بنیادنانەوەشیانە لە داهاتوودا."
هێرشەکان لە 28ـی شوباتی 2026 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێکرد.