ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی تاران بۆردوومان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشێکی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ناوچە لە شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی ئاداری 2026، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە کاژێر 5:15 خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شاری تاران دەسوورێتەوە و لە چەندین شوێن دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز دەڵێت، لە ناوچەکانی 13 و 14، شەقامی هیجرەت، جووتسایدی شەهید دوران و دەورووبەری گۆڕەپانی موهتەدی دەنگی چەند شوێنێک بۆردوومان کراون و دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز بیستراوە.
نزیکەی کاژێر 11 بە کاتی ئێران، گەڕەکی بریانەک لە سنووریی شارەوانیی ناوچەی 10ی تاران و هەروەها گەڕەکی جەوادییە لە سنووری شارەوانیی ناوچەی 16ی تاران بۆردوومان کراون.
کۆمەلەی مانگی سووری ئێرانیش رایگەیاند، لەو دوو گەڕەکە چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان کراونەتە ئامانج و تیمەکانیان بۆ هاوکاریی خەڵک گەیشتوونەتە شوێنەکە.
پیرحوسێن کولیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران لە سەردانیدا بۆ شوێنێکی بۆردوومانکراو لە گەڕەکی بریانەکی تاران دەڵێت، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بە چەکی رێگەپێنەدراو بۆردوومان کراوە و ژمارەیەک کەس بریندار بوون کە لە لایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە بۆ نەخۆشخانەکان گوێزرانەوە.
بەرەباینی ئەمڕۆ هەینی 13-03-2026، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی فارسی رایگەیاند، هێرشێکی چڕی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران و بازگەکانی پشکنینی سوپای پاسداران لە تاران دەستپێکردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە جەنگی ئیسرائیل - ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە 14ـیەم رۆژەوە و تاوەکو ئیستا بەردەوامە.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.