نرخی فیلتەر شکێن لە ئێران پێنج هێندە بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی شەڕەوە ئینتەرنێت لە نێوخۆی ئێران بە تەواوەتی بڕاوە، گوتەبێژی حکوومەت دەڵێت ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی تەنیا بەو کەسانە دراوە کە دەنگیان دەگەیەننە دنیا، خەڵک بۆ ئاگاداربوون لە گۆڕانکارییەکان و پەیوەندیکردن بە کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات روو بکەنە کڕینی ڤی پی ئێن، ئەوەش وای کردووە بازاڕێکی ڕەشی بەرفراوان بۆ فرۆشتنی "فیلتەرشکێن" و رێکخەری ئامێر"کۆنفینگ" دروست ببێت.
خەڵک لە ئێران بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەست بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی ببن، دەبێت بە نرخێکی یەکجار بەرز فیلتەرشکێن بکڕن، ئێستا لە بازاڕە نافەرمییەکاندا، نرخی پاکێجێکی 5 گێگابایتی گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن. لە هەندێک شار تەنیا یەک گێگابایت ئینتەرنێت بە 800 هەزار بۆ 1.5 ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، خەڵکێکیش هەن ئەو هەلە دەقۆزنەوە، ژمارەیەک کەس لە رێگەی ئەکاونتی ساختە و ناردنی نامەی چەواشەکارانە، بە ناوی فرۆشتنی "ڤی پی ئێن" پارە لە خەڵك وەردەگرن و دواتر ئەکاونتەکانیان بلۆک دەکەن،ئەو فرۆشیارانە سوود لەو چەناڵانە وەردەگرن ئەندامێکی زۆریان هەیە بۆ ریکلامکردن؛ بەڵام زۆربەی کات دوای وەرگرتنی پارەکە، یان خزمەتگوزارییەکە کار ناکات یان پەیوەندییەکە لەگەڵ کڕیار دەپچڕێنن.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گرانبوونی نرخی ئینتەرنێت و فیلتەرشکێن، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو بەکارهێنەرانەی کە کار و ژیانی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتییەوە و خەڵک سەرباری گرانی نرخەکە ئەگەر هەیە بکەونە داوی کەسانی هەلپەرست.
وا بڵاوکرایەوە لەنێوخۆی ئێران و بەتایبەت لە شارە گەورەکان کێشەی پارەی نەخت یان کاش سەری هەڵداوە، هۆکارەکەشی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و لەکارکەوتنی سیستەمی بانکیی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی رووداو ئامێرەکانی راکێشانی پارە کێشەیان نییە و خەڵك دەتوانێ لە هەژمارە بانکیەکەیەوە پارە رابکێشێت،بەڵام بۆ هێلی ئینتەرنێت تەنیا هێلی نیشتمانی کار دەکات و نرخی ڤی پێنیش زۆر بەرزبووەتەوە .
بەرزبوونەوەی نرخی VPN و لەکارکەوتنی بەشێکیان
لە ئێران ئینتەرنێت لە رێگەی "فلتەرینگی زیرەک"ـەوە چاودێری دەکرێت، ڤی پی ئێنەکان ترافیکی ئینتەرنێت دەگۆڕن بۆ کۆد لە رێگەی سێرڤەرێکی دەرەکییەوە دەچنە ناو تۆڕەکان، بەمەش فلتەرەکان دەبڕن، ئێستا زیاتر پرۆتۆکۆڵە نوێیەکانی وەکو (V2Ray) بەکاردێن کە ناتوانرێت بە ئاسانی ئاشکرا بکرێن.
هاونیشتمانییانی نیشتەجێی تاران بە رووداوی راگەیاند :" ڤی پی ئێنەکان بەشێکیان لەکارکەوتوون و کارناکەن، بەڵام هەندێک ڤی پی ئێنی تایبەت لە بازاڕ هەن نرخیان تەنیا بۆ 1 گێگا بایت لە 800 هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات بۆ 1.5 ملێۆن تمەن.''
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ گرانی نرخی ڤی پی ئێنەکان وایکردووە هەموو کەس نەتوانێ لەو دۆخەدا بیکڕێت.
سێرڤەری ڤی پی ئێنەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە بە دۆلار دەکڕدرێن، بۆیە تێچووەکەی لەکاتی جەنگ و ململانێدا لەسەر فرۆشیار و کڕیار گران دەبێت.
ئەم بازاڕە لە ئێراندا بە "مافیای ڤی پی ئێن" دەناسرێت، ساڵانە ملیاران تمەن لەم رێگەیەوە خەرج دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش خەڵک ناچارن بۆ دەستگەیشتن بە سۆشیاڵ میدیا و کارەکانیان، باجێکی مانگانەی زیادە (جگە لە پارەی ئینتەرنێت) بدەن بەو کۆمپانیایانەی کە سێرڤەری دەرەکی دابین دەکەن.
هەروەها لەنێوخۆی ئێران و بەتایبەت لە تارانی پایتەخت، تەنیا ئینتەرنێتی نیشتمانی کار دەکات، ئەو ئینتەرنێتە تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی کارگێڕی حکومەت و دام و دەزگەکانی وەکو بانک، نەخۆشخانە،پۆستە و هاتووچۆ و بەڕێوەبردنی سیستەمە کارگێڕییەکەی وڵاتەکەیە