لە مازەندەرانی باکووری ئێران هێرشکرایە سەر بنکەیەکی ئاسمانی
رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایە سەر ناوچەی ''سەفی ئاباد''ـی بێهشەهری باکووری ئێران. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەدا رادارێکی بنکەی ئاسمانیی پاسەوانی سنووری سوپای پاسداران بۆردوومان کراوە.
کاژێر 05:30 خولەکی بەرەباینی ئەمڕۆ هەینی 13-03-2026، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشکرایە سەر ناوچەی ''سەفی ئاباد''ـی بێهشەهری پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران.
هێرشەکە بۆ سەر رادارێکی بنکەی ئاسمانیی پاسەوانی سنووری سوپای پاسداران کراوە و بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە، دووکەڵێکی چڕ لە بنکەکە بەرز دەبێتەوە.
ئەوە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر ئەو بنکە ئاسمانییەی سوپای پاسداران لە سەفی ئاباد.
ناوچەی سەفی ئابادی مازەندەران کەوتووەتە باشووری شاری بێهشەهر و هاوسنوورە لەگەڵ دەریای قەزوێن (خەزەر).
تاوەکو ئێستا زیانەکانی هێرشەکەی سەر ئەو بنکە ئاسمانییە نازانرێت.