ئەمریکا دیمەنی بۆردوومانکردنی چەندین فڕۆکەی لوجیستیی ئێران بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دیمەنی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی ئێران و تێکشکاندنی چەند فڕۆکەیەکی لوجیستیی ئێرانی بڵاوکردەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X گرتە ڤیدیۆیەکی بۆردوومانکردنی چەند فڕۆکەیەکی لوجیستی سەربازیی ئێرانی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازیی ئێرانی بە مووشەک دەکرێنە ئامانج و تێکدەشکێنرێن.
 
بە پێی زانیارییەکان، فڕۆکەیەکی جۆڕی C-130H Hercules و P-3F Orionکە لە ئەمریکا دروستکراون، هەروەها فڕۆکەیەکی ئیلیوشین ئیل-76ی دروستکراوی رووسیا بۆردوومان کراون.
 
سێنتکۆم لە هەژمارەکەی لە ئێکس دەڵێت، "رژێمی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ توانا ئاسمانییەکانی لەدەست دەدات. هێزەکانی ئەمریکا تەنیا بەرگری لە هەڕەشەکانی ئێران ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی پلاندارێژراو هەڵیاندەوەشێنینەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هاشمی رەفسەنجانی لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و هەروەها فڕۆکەخانەی شیراز لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هێرشیان کرابووە سەر و بە چڕی بۆردوومان کرابوون.