سەرۆککۆماری ئێران: لە دانوستاندا پاشەکشە لە پرەنسیپەکانمان ناکەین و گرژیمان ناوێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "دانوستاندن بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ رێبەری باڵا ئەنجام دەدرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ژیان و گوزەرانی خەڵکمان بە دانوستاندنەوە نەبەستووەتەوە و نایبەستین. لە دانوستاندندا بە هیچ شێوەیەک لە پرەنسیپەکانمان پاشەکشە ناکەین، لە هەمان کاتدا گرژیمان ناوێت."
پزیشکیان گوتیشی، "دانوستاندنەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ رێبەری باڵا ئەنجام دەدرێن، کەڵک لە رێنوێنییەکانی لە دانوستانەکاندا وەردەگرین."
ئێران و ئەمریکا لە 12ی نیسانەوە چوار جار کۆبوونەتەوە.
دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت."
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.