ئێران بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە رۆژانە 103 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، ئێران ئینتەرنێت و تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵاتەکە بڕی و سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئینتەرنێت پەیڕەو کرد، ئەو کەسانەشی ئینتەرنێتی ستارلینک بەکاردەهێنن، ئەگەر ئاشکرا ببن دەستگیر دەکرێن.
 
75 رۆژ بەسەر بڕانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران تێپەڕی. بەپێی راپۆرتێکی ئەم ساڵی وەزارەتی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران، قەبارەی ئابووریی دیجیتاڵ نزیکەی 8%ی ئابووریی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 90 ملیۆن کەسە. بەگوێرەی بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانی ئێرانیش، پێویستە حکومەت قەبارەکەی بۆ 10% بەرز بکاتەوە.
 
لەگەڵ جەنگ، "بڕانی ئەنتەرنێت" بووەتە بارگرانییەکی دیکە بۆ سەر هاووڵاتیان و بازرگانانی ئێران. پچڕانی ناوبەناو و خاوکردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پاساوی "بارودۆخی ئەمنی" و بەمدواییەش پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بە پاساوی "جەنگ و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل"، کەرتی بازرگانیی دیجیتاڵیی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی زیانی ملیار دۆلاری کردووەتەوە.
 
لەگەڵ دەستپێکی جەنگ، بەکارهێنانی  ئینتەرنێت و دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە جیهانییەکان و تەنانەت پلاتفۆڕمە نێوخۆییەکانی ئێرانیش ئەستەم بوو. ئەمەش تەنیا کێشەی پەیوەندی نەبوو، بەڵکو بە گوتەی شارەزایانی ئابووری ئەو وڵاتە، "ئیفلیجکردنی بژێویی ملیۆنان کەس" بوو، کە کار و داهاتیان تەنیا لەسەر ئینتەرنێتە.
 
زیانەکانی بڕانی ئینتەرنێت
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران، زیانی رۆژانەی بڕینی ئینتەرنێت لە کەرتی بازرگانیی دیجیتاڵیی ئەو وڵاتە زیاتر لە 103 ملیۆن دۆلارە؛ هەروەها بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 440 ملیۆن دۆلار زیان بە ژێرخانی بازرگانی دیجیتاڵی کەوتووە.
 
بازرگانیی دیجیتاڵی گەورە: 36 ملیۆن دۆلار
پەیوەندی و گەیاندن: 32.7 ملیۆن دۆلار
کاسبکاران نێو پارێزگاکان: 11.8 ملیۆن دۆلار
کەرتی دلیڤەری و گەیاندن: 0.5 ملیۆن دۆلار
بازرگانیی ئەلیکترۆنی: 15.5 ملیۆن دۆلار
سۆشیال میدیا: 0.45 ملیۆن دۆلار
بازرگانیی بچووک: 6.2 ملیۆن دۆلار
 
نەمانی ئینتەرنێت لە ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵات وایکردووە کاسبکاران بۆ ریکلامی کاڵاکانیان پەنا بۆ کورتەنامە لە رێگەی مۆبایلەوە ببەن کە ئەوەش تێچوویەکی زۆر و کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بەبازاڕکردنی کاڵاکانیان هەیە.
 
هۆکاری بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران
 
بڕانی ئینتەرنێت لە ئێران زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی گشتی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بەکاردێت، بەتایبەت لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا. ئەم کارە نەک هەر ئازادیی ڕادەربڕین و مافی دەستڕاگەییشتن بە زانیارییەکان پێشێل دەکات، بەڵکو زیانێکی گەورەی ئابووریش بەو کەسانە دەگەیەنێت کە بژێوی ژیانیان سەرچاوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بازرگانی ئۆنلاینەوە گرتووە. فلتەرکردنی تووندی پلاتفۆرمە جیهانییەکان و خاوکردنەوەی هێڵەکان، هاووڵاتیانی ئێرانی لە جیهانی دەرەوە دابڕیوە و ژیانی رۆژانەیانی ئەستەم کردووە.
 
 بەرپرسانی ئەمنیی ئێران بڕینی ئینتەرنێت وەک "پێویستییەکی کاتی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە کاتی هێرشەکاندا دەبینن، بەڵام چالاکڤانانی کەرتی تەکنەلۆژیا دەڵێن ئەم بڕیارانە "خۆکوژیی ئابووریین."
 
 پێشتر ماڵپەڕی "دیدبان ئێران" رایگەیاندبوو، زۆربەی کۆمپانیا سەرەتاییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری گواستنەوە و گەیاندنی خۆراک و کاڵا کار دەکەن، لە کاتی جەنگدا، بەهۆی نەمانی ئینتەرنێت و سیستمی جی پی ئێسەوە کارەکانیان بەتەواوی پەکیکەوتووە.
 
هاوڕانەبوونی حکومەت لەسەر بابەتەکە
 
 هەموو کاربەدەستانی حکومەتی ئێران لەسەر پرسی بڕینی ئینتەرنێت هاوڕا نین. فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت: "دوای گەڕانەوەی وڵات بۆ دۆخی ئاسایی، دۆخی ئینتەرنێتیش ئاسایی دەبێتەوە."
 
حوسێن ئەفشین، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی و تەکنەلۆجیا دەڵێت: "تەنانەت لە سەردەمی جەنگیشدا داخستنی ئینتەرنێت چارەسەرێکی دروست نییە، چونکە بینیمان تیرۆرەکان بەردەوام بوون تەنانەت کاتێک ئینتەرنێت بە تەواوی داخرابوو. دەبێ بگەینە چارەسەرێک. پێویستە کێشەکە چارەسەر بکەین، نەوەک خۆمان لێ لابدەین."
 
پەشووتەن پورپزیشک، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بازرگانییە ئونلاینەکان لە ئێران دەڵێت: "کێ ئەو مافە دەداتە بازرگانێک کە بتوانێ ئینتەرنێتی هەبێ و بەکاربهێنێت و لە بەرامبەردا ئەم مافە لە کۆمپانیا و بازرگانییە بچووکەکان زەوت بکات؟ ئێمە باس لە 750 بۆ 800 هەزار بزنس دەکەین کە نزیکەی ملیۆنێک هەلی کاری راستەوخۆ و چەند ملیۆن هەلی کاری ناڕاستەوخۆیان رەخساندووە."
 
ئینتەرنێتی چینایەتی وەک چارەسەر
 
لەبەرامبەر پچڕانی ئینتەرنێتی جیهانی، حکومەت پەنای بۆ "تۆڕی نیشتمانیی زانیاری" یان ئینتەرنێتی ناوخۆیی بردووە. پلاتفۆرمەکانی وەک (روبیکا، ئیتا، بەڵێ و سرووش) وەک جێگرەوەی ئەپە جیهانییەکان پێشکەش دەکرێن، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە پەیوەندیی بازرگانی و زانستی لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە.
 
هەروەها باس لە پڕۆژەیەک دەکرێت بەناوی "ئینتەرنێتی چینایەتی" کە تێیدا تەنیا چینێکی دیاریکراو وەک مامۆستایانی زانکۆ و بازرگانە گەورەکان مافی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێتی بێ فلتەریان هەبێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا وەک چارەسەرێکی کاتی، ئینتەرنێتی تایبەت بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا و بازرگان دابین کراوە. بەڵام ئەم هەنگاوەی حکومەت رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران دەڵێت؛ ئینتەرنێتی (بزنس) یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە لە قۆناخێکی دیاریکراودا، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی مانگی "یەک" خرایە ناو بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە. لەوێ تەنیا بۆ بارودۆخی ئەمنی و کاتە قەیراناوییەکان بڕیار درا کە ئینتەرنێتی بزنسەکان نەبڕدرێت، کە بۆ بارودۆخی تایبەت و کاتی شەڕ و قەیرانەکان بە ناوی "ئینتەرنێت پڕۆ" یان هەمان "ئینتەرنێتی کاروبار" ناونرا. لە هەندێک شوێندا لەو ئامانجەی کە بۆی دانرابوو لایدا."
 
پچڕانی ئینتەرنێت بازاڕی رەشی فلتەرشکێنەکانی گەرم کردووە. بەپێی راپۆرتە نێوخۆییەکان، نرخی یەک گیگابایت ئینتەرنێت بە فلتەرشکێنەوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی دیکەی بۆ سەرشانی هاووڵاتیان دروستکردووە، دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت؛ رووبەڕووی  هەموو ئەوانە دەبنەوە کە سەرپێچی دەکەن.
 
دروستبوونی قەیران لە ئەگەری بەردەوامی بڕانی ئینتەرنێت
 
بەردەوامبوونی بڕانی ئینتەرنێت لە ئێران دەبێتە هۆی کارەساتێکی ئابووری گەورە کە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەمانەن:
 
لەناوچوونی ئابووریی دیجیتاڵی: هەزاران بزنسی بچووک و ناوەند کە لەسەر پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان (وەک ئینستاگرام و تێلیگرام) کار دەکەن، بە تەواوی پەکیان دەکەوێ و سەرچاوەی بژێوی ملیۆنان کەس لەناو دەچێت.
 
کۆچی مێشکەکان: بەپێی لێکۆڵینەوەکان پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆژیا و گەنجە شارەزاکان بەهۆی نەبوونی سەقامگیرییەوە وڵات جێدەهێڵن، ئەمەش زیانێکی قەرەبوو نەکراوە لە ژێرخانی زانستی و ئابووریی وڵات دەدات.
 
نەمانی متمانەی وەبەرهێنان: هیچ وەبەرهێنەرێکی ناوخۆیی یان بیانی ئامادە نابێت لە ژینگەیەکدا پارەکەی دابنێت کە پەیوەندییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی زانیاری تێیدا پارێزراو نین.
 
پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان: سیستەمی بانکی، گواستنەوەی مۆدێرن و پەیوەندییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان تووشی قەیران دەبن، کە ئەمەش تێچووی ژیان بۆ هاووڵاتیان چەند هێندە بەرز دەکاتەوە.
 
رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی دەڵێت؛ ئەمنیکردنی ئینتەرنێت دەتوانێت قەیرانێکی گەورەتر بۆ کۆمەڵگا دروست بکات.
 
پێکهێنانی لیژنە بۆ چارەسەری کێشەکە
 
لە نوێترین هەنگاودا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاری بەدواداچوونی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئینتەرنێت دەرکردووە و محەممەدڕەزا عارفی جێگری یەکەمی بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکە راسپاردووە.
 
لە فەرمانی سەرۆککۆماری ئێراندا هەروەها هاتووە، پێویستە هەموو وەزارەتەکان، دامەزراوە جێبەجێکارەکان، بنکە و رێکخراوە گشتی و حکومییەکان، هاوکاریی تەواو و کاریگەر لەگەڵ لیژنەکەدا بکەن و پابەندی بڕیارەکانی بن.